لە رووبار و شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ تیمی فریاگوزاری بۆ رێگەگرتن لە خنکان جێگیر دەکرێن

29-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێت، بۆ رێگریکردن لە خنکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە رووبار و ئەو شوێنە گەشتیارییانەی مەلەوانییان تێدا دەکرێت تیمی فریاگوزاری لە رۆژانی هەینییدا جێگیر دەکەن.
 
لەگەڵ هاتنی گەرمای ئەمساڵدا تەنیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 9 کەس لە ئاودا خنکاون؛ رۆژی شەممە 29ـی تەممووزی 2023، رائید جەمال هەسن خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ هەینی تیمی هاوبەشی بەرگریی شارستانی، پۆلیس و تەندروستی لە رووباری خازر و هەموو ئەو ناوچانە هەبوون کە گەشتیاران و هاونیشتمانییان بۆ مەلەکردن روویان تێدەکەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی تیمەکانییانەوە دوێنێ هیچ رووداوێکی خنکان رووینەداوە.
 
رائید جەمال هەسن گوتی، تاوەکو کۆتایی وەرزەکە تیمەکانیان کە زیاتر لە 40 کەسن، رۆژانی هەینی لە نزیک رووبار و ناوچە گەشتیارییەکان دەبن و هەر شوێنێکیش قەدەخە بێت بۆ مەلەکردن، رێگەنادەن مەلەوانی تێدا بکرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 56 کەس لە رووبار و دەریاچە و چەمەکاندا خنکاون، ئەوە لە کاتێکدایە بە درێژایی ساڵی رابردوو 77 کەس لە رووبار و چەمەکاندا خنکابوون.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە