وردەکاریی کوژرانی دوو ژن بە دەستی پیاوەکەیان لە سۆران؛ "یەکێک لە ژنەکانی سووتاندبوو"

29-07-2023
ئەندام جەبار
کاتی گواستنەوەی تەرمی دوو ژنەکە
کاتی گواستنەوەی تەرمی دوو ژنەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە دانیشتووانی گەڕەکی کانی لە سۆران بە هەواڵی کوژرانی دوو ژن لە خەو هەستان کە لەلایەن پیاوەکەیانەوە بە گولـلەی تاپڕ کوژران. دراوسێیەکیان دەڵێت، "یەکێک لە ژنەکانی سووتاندبوو". مامی یەکێک لە ژنە کوژراوەکانیش داوا دەکات تۆمەتبار "لەسێدارە بدرێت."
 
دیمەن مەحموودی تەمەن 36 ساڵ کە لە ساڵی 2002 هاوسەرگیری لەگەڵ تۆمەتبار (س، س) کردبوو و پێنج منداڵی هەبووە، یەکێک لە ژنە کوژراوەکان بووە و ئەوی دیکەیش ناوی زولێخا خانۆیە و تەمەنی 34 ساڵ بووە؛ هاوژینی دووەمی تۆمەتبارەکە بووە و لە ساڵی 2013 هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە و دوو منداڵی هەیە.
 
کەسوکاری دوو ژنە کوژراوەکە داوا دەکەن تۆمەتبار سزای "تووند" بدرێت. عەبدولجەبار عیسا، دراوسێی ماڵی دوو ژنەکەیە و دەڵێت، "پیاوەکە لەگەڵیان باش نەبووە، یەکێک لە ژنەکانی هەر سووتاندبوون. هیچ یاسا نییە، ئەگەر یاسا هەبووایە دەبوو لێرە لەسێدارەیان دابا."
 
عەبدوڵڵا خواکورکی، مامی یەکێک لە ژنە کوژراوەکان بە رووداوی گوت، "ئێستا خۆی رادەستی پۆلیس کردووە، خۆڕادەستکردن ئاوا بۆچییە؟ بابێن لێرە بیکوژنەوە، کەس هیچی لەبەردڵ نامێنێت."
 
سەبرییە حەمەد، دراوسێی ژنە کوژراوەکان گوتی، "دەیبەن و نان و گۆشتی دەدەنێ لە بەندیخانە و سبەی بەری دەدەن و دەڵێن نەخۆشیی دەروونی هەبوو، ئاوا بڕوات یەکێکی دیکە خراپتر دەکات."
 
دوای کوشتنی هەردوو هاوژینەکەی، بکوژ خۆی رادەستی پۆلیس کرد. کەسوکاری تۆمەتبار دەڵێن، براکەیان پیشمەرگە بووە و 25 ساڵ خزمەتی هەبووە، بەڵام دوو ساڵە دوورخراوەتەوە؛ ئەوەش وایکردووە تووشی نەخۆشیی دەروونی بێت.
 
بارزان سەلیم، برای بکوژ باسی لەوە کرد، "چووم لەبەر زێرەڤانی پاڕامەوە و گوتم چارەسەرێک لە براکەم بکەن، دوایین وەڵامیان ئەوەبوو گوتیان فەسڵ کراوە. لەدوای ئەوە رۆژ بۆ رۆژ لەڕووی دەرونییەوە براکەم تێکدەچوو، ناچار سکاڵام تۆمارکرد و خەسووی ئەوم لەگەڵ خۆم بردوو و چووینە بەردەمی حاکم، پێمگوت گەرەنتیی براکەم ناکەم یەک کاژێریش دەروونی تێکچووە، دوای حەوت رۆژ پۆلیس پێیگوتم فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و دێین بۆ گرتنی."
 
نیهاد سەلیم، برایەکی دیکەی بکوژی دوو ژنەکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "دوو و سێی شەو هاتن و مەفرەزەیان هێنا، دوو سێ دەورە و نمایشی سەربازییان کرد و رۆیشتن، من و برام هەتا کاژێر یەکی شەو لەگەڵ پۆلیس لە کەمین بووین، گوتمان یەکەم کەس ئێمە دەچینە ژوورەوە و دەیگرین و هاوکارمان بن با بتوانین ئەو دوو ئافرەتە رزگار بکەین."
 
پۆلیسی سۆران لەبارەی رووداوەکە بڵاویکردووەتەوە، بکوژ هیچ سکاڵایەکی لەسەر نەبووە و فەرمانی دەستگیرکردنی نەبووە، ئەمڕۆ دوای رووداوەکە، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندکراوە.
 
لە باشووری کوردستان، لە ماوەی 24 کاژێردا بە هۆکاری جیاواز، شەش کەس کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە