بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک: لەگەڵ یەکێتی بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دەڵێت، ''لەگەڵ یەکێتی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناکەین.''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی یەکێتی و پارتی لە ئاستی مەکتەبی سیاسییی کۆببنەوە.''
 
رۆژی شەممە 29-07-2023، محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رایگەیاند، ''پارتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێک لە گفتوگۆدایە و هەندێک لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و هەندێکیش ماون وەڵامی کۆتایی بدەنەوە؛ ئەمڕۆش دوایین وەڵامەکانی بۆ دەگەڕێتەوە و ئومێد دەکەین بتوانین پێنج بۆ شەش لایەنی سیاسی (سەرەکی) پێکەوە لەنێو لیستێکدا کۆببینەوە، ئەوەش جگە لە خەڵکی سەربەخۆ و لایەنی دیکەش.''
 
بڕیارە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت. تەنیا دوو رۆژ لەبەردەم پارتە سیاسییە کوردستانییەکان ماوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکی کوردستانی پێکبهێنن و تۆماری بکەن. وەک محەممەد خورشید گوتی، ''بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، گەیشتووینەتە خاڵی کۆتایی و رەنگە ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیش درێژ بکرێتەوە و کورد بە دوو یان سێ لیست لە هەڵبژاردندا بەشدار بێت.''
 
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی باسی لەوەش کرد، بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی گرفتیان نییە و سەردانی زۆربەی لایەنە سیاسییەکانیشیان کردووە، کە هەم لایەنی ئیسلامییان تێدایە هەم لایەنی چەپ، ''بەڵام لە کەرکووک لەگەڵ برایانی یەکێتی دوورین لە یەکدی و ماوەیەکە گفتوگۆکان لەنێوانماندا وەستاون. مەکتەبی کەرکووک گەرمیانی پارتی نەیویستووە لەگەڵ یەکێتی لە یەک لیستدا بەشداری هەڵبژاردن بێت، چونکە لەوانەیە دەنگدەرانی ئێمە ئەوە قبووڵ نەکەن.''
 
رۆژی یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023، یەکێک لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو کە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کەس و لایەنێک بدات رایگەیاند "یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و لەمڕۆ بەدواوە هەر شتێک رووبدات، وەکو خۆی وەڵامدەدرێتەوە. یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە، قوربانییە، یەکێتی هێزە." 
 
لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی دوای ئەوە هات؛ کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام، سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "یەکێتی حەجم و قەوارەی وەکو جاران نەماوە و دەبێت پێداچوونە بە حەجم و قەوارەی خۆی بکات."
 
دواتر سالار عوسمان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و گوتی "گوتەکانم لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی رووداو بۆچوونی کەسین و رای پارتی نین."، بەڵام ئەو بابەتە بوو بە مایەی سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان.
 
محەممەد خورشید ئاشکرای کرد، دووبارە هەوڵێک هەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی و، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کامە لایەن دەستپێشخەر بووە گوتی، ''پەیامێک لەئارادایە (هاموشۆ کراوە) بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆببنەوە.''
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی یەکشەممە 30-07-2023، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لە سلێمانی کۆدەبنەوە. 
 
محەممەد خورشید پێیوایە لە نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ناکۆکی هەیە و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش چەند لیست لەو حیزبە ساخ دەکرێتەوە، گوتیشی، ''لە کەرکووک کادیری یەکێتی هەیە بە نێوی لاهور شێخ جەنگییەوە کار دەکەن و ئەوانەی کە جاران یەکێتی بوون، بە چەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردن دەبن''.
 
محەممەد خورشید جەختی لەوە کردەوە، مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی خۆی بڕیار لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی دەدات، ''بەڵام هەرکات بڕیارێکی ناوەندی لەلایەن جەنابی سەرۆک و مەکتەبی سیاسییەوە بگات، ئێمە 100٪ پێوەی پابەند دەبین و ئەگەر بڵێن لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی هاوپەیمانی پێکبهێنن، جێبەجێی دەکەین، بەڵام ئەوە (بەشدارنەبوون لەگەڵ یەکێتی لە هەڵبژاردن) رای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانە."
 
''لە کەرکووک دەستی نێوخۆیی، عێراقی و دەرەکی رێگری لە گەڕانەوەمان دەکەن''
 
لە رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، پارتی لە کەرکووک کشایەوە و بارەگاکانی چۆڵکرد.
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی گوتی، ''هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بارەگاکان وەربگرینەوە، بڕیاریشی لەسەر دراوە، بەڵام بڕیارەکان لە خوارووەوە جێبەجێ ناکرێن، دەستی نێوخۆیی، عێراقی و دەرەکی وەکو رێگر لەم بابەتەدا هەن''.
 
محەممەد خورشید زیاتر روونیکردەوە مەبەستی لە دەستی نێوخۆیی یەکێتییە و ئاماژەیدا، ''ئاگادارین برادەرانی یەکێتی هەوڵیانداوە بارەگاکانمان نەدرێتەوە''.