رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سبەی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی کۆدەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە 30-07-2023 لە دەباشان لە سلێمانی دەکرێت.
لە ماوەی رابردوودا پەیوەندیی پارتی و یەکێتی ساردی تێکەوت و کۆبوونەوەکانی نێوانیان وەستان، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەکاتی کردنەوەی یادگەی بارزانی لە رۆژی 11ـی 5ـی 2023 دەستپێشخەرییەکی راگەیاند و داوای کرد کۆببنەوە، رۆژی 16-05-2023 هەردوو حیزب له شاری سلێمانی كۆبوونهوه.
بەم کۆبوونەوەی سبەی، دەبێتە سێیەم کۆبوونەوە لەدوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کە لەنێوان هەردوو حیزبدا لەئاستی باڵا بکرێت.
یەکێک لە بابەتەکانی ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە رۆژی یەکشەممە، 23ـی تەممووزی 2023 مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دەستپێکردنی سەردانەکانیان بۆلای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتیکردەوە؛ "تاوەکو ئێستا دوو گەڕی لەدوای یەکی سەردانەکانمان بۆلای لایەنە سیاسییەکان ئەنجامداوە، دەرگاشمان کراوەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکەین، هیچ هێڵێکی سووریشمان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هیچ لایەنێک نییە".
لەبارەی کۆبوونەوەی سێیەمی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەوکاتە مەحموود محەممەد گوتی: "هێشتا بەرنامەیەک بۆ ئەم کۆبوونەوەیە دانەنراوە، ناوەڕۆکی دوو کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ یەکێتی قسەی باشیان تێداکرا، بەڵام لەسەر هەندێک هۆکار ئێستا کۆبوونەوەکان وەستاون و بەرنامەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانیش تاوەکو ئێستا دیاری نەکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ