رووداو - هەولێر
کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە شاری سلێمانی رایدەگەیێنن، لە رۆژانی رابردوودا چەند جارێک بەڵێنی خەرجکردنی پارەیان پێدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە؛ هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ئەگەر تاوەکو 1ی ئاب پارەیان بۆ خەرج نەکرێت، کارەکانیان رادەگرن.
رۆژی هەینی 29ـی تەممووزی 2022، خالید شینکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای خالید شینکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر بەڵێنە و پێمان دەدرێت و جێبەجێ ناکرێت. ئێمەش دوایین هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە و تاوەکو 1ی ئاب پارەمان بۆ خەرج نەکرێت، بایکۆت رادەگەیێنین".
هەر ئەمڕۆ هەینی، شکار شۆڕش، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەڵێندراوە پارەیان بۆ خەرج بکرێت و چوونەتە بانک و پارەیان پێنەدراوە؛ گوتیشی: "دوایین کاتی کارکردنمان 1ی ئاب دەبێت و لەدوای ئەو رۆژەوە بەهۆی وەرنەگرتنی پارەوە، ناتوانین کارەکانمان بکەین و هەموو کۆمپانیاکانی پاککەرەوە بایکۆت رادەگەیێنێن".
نزیکەی هەزار و 500 کرێکاری سێ کۆمپانیا، سنووری سلێمانی لە زبڵ و خاشاک پاکدەکەنەوە؛ کۆمپانیای خالید شینکی بە نزیکەی 600 کرێکار لە نێو سلێمانی، کۆمپانیای شکار 780 کرێکاری لە زۆنەکانی دووکان و چەمچەماڵ هەیە و 350 کرێکاریشی لەنێو شاری سلێمانیدا کاری پاککردنەوە دەکەن، کۆمپانیای هەرێم بە نزیکەی 500 کرێکار دوو زۆنی نێو سلێمانی لە زبڵ و خاشاک پاکدەکەنەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی هەر سێ کۆمپانیاکە بۆ رووداو، زیاتر لە 15 ملیار دیناریان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و کاتێک دەچنە بانک پێیان دەڵێن "پارە نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ