ئەو کچە نابینایەی سێیەمی پۆلی 12 بوو رۆژانە 17 کاژێر وانەی خوێندووە


رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی کە نابینایە، سەناریا کەمال یەکێک بوو لەو قوتابییانەی کە توانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پۆلی 12ی ئامادەیی پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت، تێکڕای نمرەکانی سەناریا 98.16ـە.
 
سەناریا لە پۆلی یەکەمەوە تاوەکو 12 هەموو ساڵێک پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. ئەو دەڵێت، ژیان بە نڤیشکانی ئەستەمە، بەڵام دەبێت رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە، "بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 رۆژانە 17 کاژێر دەرسم خوێندووە". 
 
دوو خوشکی سەناریا و باوکیشی نابینان. دایکی سەناریا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، کاتێک ویستوویەتی منداڵەکانی وەک هەر منداڵێکی دیکە بخاتە قوتابخانە، بەهۆی نابیناییەکەیانەوە هیچ قوتابخانەیەک ئامادە نەبووە وەریان بگرێت. بۆیە بەناچاری چوونەتە گوند بۆ ئەوەی لەوێ بتوانن بخوێنن، لە گوندەکەش ئامادەنەبوون وەریان بگرن، بەڵام دواجار وەک گوێگر وەرگیران بۆ ئەوەی ئەگەر ئاستیان باش نەبوو لە خوێندن دوور بخرێنەوە.
 
سومەیە کەمال، خوشکێکی سەناریایە و توانی لە پۆلی 12 تێکڕای نمرەی 87ـی بەدەست هێناوە.