دەزگای روانگە رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی بە ئۆنلاین ساز دەکات

29-07-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن دەزگای روانگە
A+ A-
رووداو رادیۆ

دەزگای روانگە رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی بە ئۆنلاین ساز دەکات و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لەو دەزگایەیش دەڵێت، بەهۆی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی نووسەران و ئەندامانمان ئەو بڕیارەمان دا.
 
ئاری رەسوول، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەزگای روانگە بە رادیۆی رووداوی گوت: "بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/07/29 رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکان بە ئامادەبوونی نووسەرانیان بێت و خەڵك بانگهێشت بکەین، بەڵام بەهۆی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی نووسەران و ئەندامانمان بڕیارمان دا پابەندبین و بە ئۆنلاین لە رێگەی بەرنامەی زوومەوە سازی بکەین."
 
سێیەم ساڵە دەزگای روانگە ئەو پێشبڕکێیە رێکدەخات. ساڵی 2019 یەکەم ساڵی بوو، بە کورتە چیرۆکی پەروەردەیی بۆ منداڵان دەستیان پێکرد کە شەش کورتە چیرۆک هەڵبژێردران و چاپ کران. ساڵی 2020 چوار کتێب هەڵبژێردران کە پەیوەست بوون بە بابەتەکانی هاندانی لاوانەوە. 
 
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەزگای روانگە گوتی: "ساڵانە بابەتێک دیاری دەکرێت کە لەسەر ئەوە بنووسرێت. بۆ ئەمساڵیش تایبەتە بە پەروەردە و کێشەکانی بەردەمی. نووسەران هان دران لەسەر ئەو بابەتە بنووسن و کتێبەکانیان پێشکەش بکەن. ئەمڕۆ کاژێر 12:30 رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکان ساز دەکەین. کتێبەکان پێشتر لەلایەن لیژنەیەکەوە هەڵسەنگێنراون."
 
لە پێشبڕکێی کتێبی روانگەدا بۆ ساڵی 2021 دا 33 کتێبی کوردی لەگەڵ 16 کتێبی عەرەبی وەرگیرابوون کە تەمەنی نووسەر دیاریکراو نەبوو. دوو لیژنەی هەڵسەنگاندن دیاری کرابوون کە هەر لیژنەیەکیان سێ کەس بوون و لیژنەیەکیان بۆ کتێبە کوردییەکان و لیژنەکەی دیکەیش بۆ کتێبە عەرەبییەکان.
 
ئاری رەسوول گوتی: "لە پێشبڕکێکەی ئەمساڵدا یاساکە بەو جۆرە بوو کە چوار کتێب هەڵبژێردرێت کە دووانیان کوردی بن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دووانیشیان عەرەبی لەسەر ئاستی عێراق. ئەو کتێبانەی چاپ دەکرێن لێکۆڵینەوەی زۆر باشن و کێشە و چارەسەرەکانیان بە باشی دیاری کردوون. تێیاندا باس لە خوێندنی ئۆنلاین کراوە. هەوڵمان داوە کتێبی دەنگییش ئامادە بکەین. پار کتێبی دەنگیمان بۆ نابینایان بەرهەم هێنا و بە سی دی لە قوتابخانەکانیاندا بڵاومان کردەوە. ئێستا هەموو کتێبەکانی روانگە لە ماڵپەڕەکەماندا بەردەستن."
 
هەر کتێبێک بە تیراژی 1000 دانە چاپ دەکرێت کە دەزگای روانگە هەموو تێچوویەکی لە ئەستۆ گرتووە و لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاویان دەکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

داخستنی رێگەی سلێمانی - هەولێر لەلایەن دانیشتووانی گوندی گۆپتەپەوە. وێنە: رووداو

بەهۆی خراپیی کارەبای نیشتمانی دانیشتووانی گوندی گۆپتەپە شەش کاژێر رێگەی سلێمانی - هەولێریان داخست

دانیشتووانی گوندی گۆپتەپە شەش کاژێر رێگەی سەرەکیی سلێمانی - هەولێریان لە ناحیەی ئاخجەلەر بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگردا داخست. کەمی و ناڕێکی لە کاژێرەکانی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی هۆکاری ناڕەزایەتییەکەیانە