تورکیا گوندێکی بناری قەندیل و دۆڵی باڵەییان بۆردوومان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شارۆچکەی وەرتێ بە رووداوی راگەیاند، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا گوندی دڕەبی لە بناری قەندیل بۆردوومان کرد و تونێلێکی گەریلاکانی کردووەتە ئامانج، بەڵام زیانی گیانی نەبووە. بەڕێوەبەری شارۆچکەی قەسرێش دەڵێت، چەند شوێنێکی دۆڵی باڵەییانیش بۆردوومان کراوە.
بۆردوومانەکە کاژێر 1:10 خولەکی رۆژی پێنجشەممە 29-07-2021 بووە. موسڵح زرار، بەڕێوەبەری شارۆچکەی وەرتێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بەرزاییەکانی گوندی دڕەبی بناری قەندیلی لە سنووری شارۆچکەی وەرتێی قەزای رواندز بۆردوومان کردووە."
بەڕێوەبەری شارۆچکەی وەرتێ دەشڵێت، بۆردوومانەکە تونێلێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە کانی دڕەبی و کانی ماسک کردووەتە ئامانج.
دڕەبی سنووری رواندز و ئیدارەی راپەڕین لە یەکدی جیادەکاتەوە و بەهۆی نائارامی چەند ساڵەی ناوچەکەش جووتیار و مەڕدار سوود لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەوەڕگاکان وەرناگرن.
فەیسەڵ حوسێن، بەڕێوەبەری شارۆچکەی قەسرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا دۆڵی باڵەییانی بۆردوومان کردووە.
بەڕێوەبەری شارۆچکەی قەسرێ دەشڵێت، بۆردوومانەکە هەریەک لە تەنگی ماونان، کونەکۆتری گوندی خەزێنە و زەنگەڵینی گرتووەتەوە.