لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی سلێمانی پلاستیک لە خۆڵ و خاشاک جیادەکرێتەوە

29-07-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن پلاستیک
A+ A-

ئاسۆ سەراوی و فەلاح نەجم

رووداو- سلێمانی

بەپێی بڕیارێکی نوێی قایمقامییەتی سلێمانی، دەبێ لەمەودوا لە یەکەکانی نیشتەجێبوونیشدا  ماددەکانی پلاستیک لە خۆڵ و خاشاک جیابکرێنەوە.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلیمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، هاوشێوەی رێستۆرانت و چێشتخانەكان، یەكەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی پابەنددەبن بە جیاكردنەوەی ماددەکانی پلاستیك لە پاشماوەكانی دیکەی زبڵ و خۆڵ و خاشاك. ئەو بڕیارەش لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری بەشێك لە یەكەكانی نیشتەجێبووندا دراوە.

گۆران قادر ئاماژەی بەوەکرد، لەدوای بڕیاری جیاكردنەوەی ماددەی"پلاستیك" لە ماددەكانی دیکە  بەشێكی زۆر لە رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی بە بڕیارەكەوە پابەندن، "ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە و داواش لە یەكەكانی نیشتەجێبوون دەکەین هاوشێوەی رێستۆرانت و چێشتخانەكان بە بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكانەوە پابەندبن".

كەمال نووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمەڵگە نیشتەجێكانی سلێمانی بە (رووداو)ـی راگەیاند لە ئەمڕۆوە دەست بە ئامادەكاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کراوە.

كەمال نووری دەڵێت، هەنگاوی دوای ئەو كارەیان ئەوە دەبێت ماددەکانی دیكەی وەك شووشە و تەختە‌ لە خوڵ ‌و خاشاك جیابكەنەوە.

بۆ ئەوەی خەڵک كەمترین ماددەی پلاستیكی بەكاربهێنن، چەند مانگێکە قایمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێكی دەستپێكردووە. لە دواین هەوڵیشدا زەرفی نایلۆن لە شوێنەكانی فرۆشتنی سەموون ‌و نان ‌و چێشتخانەكان قەدەخەکرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە