گەنجێکی کورد ناوی لە کتێبی گینس تۆمار دەکرێت

29-07-2018
کوردستان حەسەن
رێباز لە یاریی فری ستایلدا یەکەمە
رێباز لە یاریی فری ستایلدا یەکەمە
نیشانەکردن فریستایل، کتێبی گینس
A+ A-

 رووداو - بەریتانیا

رێباز محەممەد، گەنجێکی کوردی تەمەنی 22 ساڵە، ئەو دانیشتووی بەریتانیایە و بەهۆی لێهاتوویی لە یاریی فری ستایلدا، ناوی لە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکرا.
          
رێباز محەممەد لەبارەی ئەو وەرزشەوە دەڵێ "حەزم کرد لە وەرزشی تاکەکەسیدا بەشداری بکەم، بۆیە فری ستایلم هەڵبژارد. ماوەی چوار ساڵە فری ستایل دەکەم و ئێستا یەکێکم لە باشترینەکانی هەموو بەریتانیا. من، ئەو توانایەم هەبووە بچمە نێو کتێبی گینس، پێشتر ریکۆردەکە 31 بوو و من کردمە 41، ئێستا ناوم لە کتێبی گینسە و زۆر خۆشحاڵم، ئەمە مانای زۆر دەبەخشێ بەمن".

رێباز سێ ساڵ خەریکی یاریی تۆپی پێ بووە، بەڵام لە یاریی فری ستایل درەوشایەوە، بۆیە باوکی بۆ ئەوەش هاوکاری کرد و راهێنەری بەتوانای بۆ دۆزیەوە.

مەهدی محەممەد، باوکی رێباز دەڵێ "توانای وەرزشی زۆر بوو، کە بردمە لای چەند کەسێک وەریان گرت و گوتیان دەمانەوێ لەگەڵماندا بێت، سێ ساڵی رێک لەگەڵیان بوو، دواتر خۆی هەوڵی بۆ وەرزشی فری ستایل دا. من خۆشحاڵم بە هەردووکیان، چ وەرزشی تۆپی پێ بێت، یان ئەوەی خۆی هەڵیبژاردووە".      
  
رێباز هونەرێکی ناوازە و سەرنجڕاکێش پیشان دەدات، کاتێک بە سەر و  پێیەکانی یاریی بە تۆپ دەکات. جوڵەیەکی کەمی پێویستە بۆ ئەوەی خەڵک لێی کۆببنەوە و سەرسامانە سەیری بکەن. بۆیە ناوی لە کتێبی گینسی ژمارە پێوانەییەکانی جیهاندا تۆمار کرا و بووە دووەمین کورد ناوی لەو کتێبەدا هەبێت، کە چەند مانگێک لەمەوبەر کوردێکی خەڵکی دهۆک لە ئەنجامدانی شناو ناوی چووبووە ئەو کتێبەوە.  
   
ریباز لەبارەی وەرزشی فری ستایل دەڵێ "زۆر ئاسان نییە، دەبێت زۆر متمانەت بەخۆت هەبێت، بەتایبەتی کاتێک لەناو خەڵک دەیکەیت، چونکە ئەوەندە ئاسان نییە و، راهێنانی باشی دەوێت، کە زۆر نمایشت کرد، رادێیت. من، پێشتر زۆر دەترسام، بەڵام ئێستا بەلامەوە ئاساییە".

خێزانەکەی رێباز لە ویست برۆمیچ لە بەریتانیا دەژین. رۆژانێک حەوشەی بچووکی ماڵەکەی شوێنی راهێنانی بوو، بەڵام ئەمڕۆ دەرگای هۆڵە وەرزشییە گەورەکان بۆی لەسەر پشتن. 
 



داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە