رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک سەنتەری دێرەلووک و بە دووری 50 مەتر لە ماڵێک، ئێوارەی ئەمڕۆ گوللـە تۆپێک کەوت. بەهۆی بەردەوامی شەڕیشەوە لە ناوچەکە گوندێک چۆڵکرا.
هونەر رەشید پەیامنێری رووداو لە دهۆک گوتی: "کاژێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 29-6-2024) بە دووریی 50 مەتر لە ماڵێک، گوللـە تۆپێک کەوتووەتە خوارەوە. رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی بە گەوڕی هاووڵاتییەک گەیاندووە."
دلۆڤان رێکانی، دانیشتووی ناحیەی دێرەلووک بە رووداوی گوت گوللـە تۆپەکە بە نزیک ماڵی ئەو کەوتووە "زیانی بە ماڵ و منداڵەکانم نەگەیاند، بەڵام گەوەڕی عەلی حاجی پێپەرخی زیانی بەرکەوت و ساچمەی گوللەتۆپەکەی بە نزیک ماڵەکەشی کەوتووە."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەمە یەکەمجارە بەوشێوەیە نزیک، ناوچەکە بۆردوومان دەکرێت "ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەنێو خەڵک پەیدا کردووە."
گوندێک چۆڵکراوە
ماوەیەکە شەڕی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوچەکە سەختتر بووە، بەپێی سەرچاوەیەکی فەرمی بۆ رووداو، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە دەڤەری بەرواریی باڵا، دوێنێ (هەینی، 28-6-2024) گوندی دەرگەلا موسابەگ لە بناری چیای مەتینا سەر بە ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدیی دهۆک، چۆڵ کراوە.
دانیشتووانی ئەو گوندە، کە گەرمیان و کوێستان دەکەن و 20 ماڵ دەبوون، بە فەرمانی ریشسپییانی گوندەکەیان بڕیاری چۆڵکردنیان دا، ئەمەش دوای شەڕێکی قورس لە گوندەکانی شیلازا و دەرگەلا موسابەگ لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا.
ئەم رووداوانە لەکاتێکدان، سوپای تورکیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش کار لەسەر دروستکردنی شەش خاڵی نوێی سەربازی دەکات.
بە دانانی ئەو شەش خاڵە سەربازییە، تورکیا هەشت گوندی دەڤەری گولییانی لە زنجیرە چیاکانی زرێزە داگیرکردووە. گوندەکانی رێوانێ، گرێ بیێ و دێمکا، زرێزە و کۆرکا گوندی ئاوەدانن و ئێستاش خەڵکیان تێدا دەژیت. گوندەکانی شیڤێ کەهنیا تیا، بلێجان، بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا چۆڵکراون و خەڵک ناتوانن بچنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
بەگوتەی دانیشتووانی ئەو گوندانە، کۆمەڵێک سەرباز هەفتەیەک لەمەوبەر بە پیادە بەنێو ئەو گوندانەدا چوون و ژمارەیان سەرووی 400 سەرباز دەبن.
هەروەها رێکخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریکی ناسراو بە (CPT) رۆژی 27-06-2024 رایگەیاند، هێزەکانی تورکیا لە 10 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 300 تانکیان بردووەتە سنوورەکانی شەش گوندی هەرێمی کوردستان و ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەکەن.
تیمی کوردستانی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا راگەیاند "10 رۆژە سوپای تورکیا بە 300 تانکی سەربازییەوە مانۆڕێکی دیکەی سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکردووە، سوپاکە لە بەرواری باڵا جموجۆڵی زەوینی هەیە و چوونەتە نێو چەندین گوندی ناوچەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ