رووداو دیجیتاڵ
درووێنەی گەنم بە مەلەغانە، یەکێک لە شێوازە کۆنەکانی درووێنەکردنە، کارێکی گرانە بەڵام دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی رۆست، بە زەوق سەلیقە و بەدەم گۆرانیگوتنەوە، ئەنجامی دەدەن.
حاجی مەلا لە گوندی پیرۆمەری دۆڵی رۆست، خاوەن زەوییە و گەنمی چاندووە. گەنج و پیری سنوورەکە هاتوون بە هەرەوەزەی کارێکی چەند رۆژەی بە چەند کاژێرێک بۆ تەواو دەکەن.
حاجی مەلا دەڵێ "ئەگەر بەتەنیا کارەکەم کردبا، رەنگ بوو هەفتەیەک کاتم پێویست بووایە، ئیستا سوپاس بۆ خوا ئەوە تەواو دەبێت. هەرەوەز کارێکی باش و پیرۆزە، بە ویستی خوا هەر بەردەوام بمێنێت."
هەر کارێکی گران لەو سنوورە، هەرەوەزی بۆ دەکرێت.
حەسەن مستەفا، پاڵەیە (ئەو کەسەی درووێنە دەکات)، دەڵێ "لە سەردەمی باب و باپیرانمانەوە هەرەوەز هەر هەبووە؛ هەرەوەزی گەنم، نیسک، جۆ، نۆک، ماش، تەنانەت چڵووکردن و دروستکردنی خانووش هەر بە هەرەوەزی کراوە."
'بێریلێ' و 'بەژنێ تووم دارە دارە' گۆرانیی تایبەتن بە درووێنەکردن، بەدرێژایی کاتی درووێنەکردن کەسی دەنگخۆش دەیڵێن.
ئارام گرتکی، حەیرانبێژە و لە هەرەوەزییەکەی حاجی مەلا گۆرانیی بێریلێ و چەند گۆرانییەکی دیکە دەڵێ بۆ ئەوەی هەست بە ماندووبوون نەکەن. ئەو دەڵێ "درووێنەکردن گۆرانیی تایبەت بە خۆی هەیە، بووکگواستنەوە لەو ناوچەیە گۆرانیی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر کارێک بکرێت، گۆرانیی تایبەت بە خۆی هەیە."
درووێنە بە داس و مەلەغانە شارەزایی و دەست و بازووی بەهێزی دەوێت. بەرزی و نزمیی زەوییەکان هۆکارن بۆ ئەوەی ئامێرە پێشکەوتووەکانی درووێنەکردن، بۆ ئەو ناوچانە دەستنەدەن.
ژنان بە ئامادەکردنی خوان هاوکاریی پیاوانن، خوانی پاش چێشت و نیوەڕۆیان بۆ دەهێننە شوێنی کار.
غوربەت ئەحمەد، کابانی ماڵ دەڵێ "لە کۆنەوە لەکاتی هەرەوەز، ئێمە هاوکاریی پیاوانمان دەکرد، هەبوو چێشتی ئامادە دەکرد، هەشبوو لەگەڵ پیاوان کاری دەکرد و گەنمیان کۆدەکردەوە، ئەگەر ژنیان لەگەڵ نەبووایە، پیاوان کاریان پێ نەدەکرا، کارەکە بە ژنەکانەوە دەڕوات."
نزیکەی 30 گوند، زەوییەکانیان بەم جۆرە لە بەرزایی کراوەتە گەنم، پاڵەکان رۆژێکی پر لە ماندووبوونیان بەڕێکرد و بە دڵخۆشی کار جێدەهێڵن و بۆ هەرەوەزێکی دیکە، خۆیان ئامادە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ