رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندی کانی بەردینەی سلێمانی بەهۆی پیسی و کەمی ئاوی خواردنەوە داد و بێدادیانە، هەموو فلتەرێک بۆ پاککردنەوەی بەکاردەهێنن.
شوکرییە عەبدوڵڵا هەر لە دەرگەی ماڵەکەیان دێتە دەرەوە، گلەیی و گازەندەی ئاوی پیسی خواردنەوە گوندەکەیانی بە تیمی رووداو گەیاند.
شوکرییە دەڵێ "گورچیلەی خۆم و کچەکەم نەخۆشە، دکتۆر گوتی هەمووی بەهۆی ئاوی پیسەوەیە. ئاوەکەمان بردە تاقیگە و گوتیان 'پیسە، مەیخۆنەوە.' بەڵام هەر دەیخۆینەوە، ناچارین."
ئاوی خواردنەوەی کانی بەردینە لە رێگەی بیرێکەوە دابیندەکرێت، کە 30 ساڵ لەمەوبەر رێکخراوێک بۆ 13 ماڵ دروستیکردبوو، بەڵام سنووری گوندەکە فراون بووە و، ئێستا نزیکەی 500 ماڵ لێی نیشتەجێن.
نزیکەی 17 ماڵی نزیک بیرەکە ئاویان پێدەگات و ئەوانی دیکە دەبێت بیکڕن.
یوسف عەبدوڵڵا، دانیشتووی گوندەکە دەڵێ "بەشێک لە ماڵەکان ئاوی خواردنەوەمان پێدەگات، ئەوانی دیکە نا، دەبێت بیکڕن، هەر تانکەرێک بە 15 بۆ 20 هەزار دینارە."
دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە بەناوی تەییب حەمەکەریم باسی ئەوە دەکات رەوشیان خراپە لەبەر بێئاوی، "بەدەست بێ ئاوی و ئاوی پیس دەناڵێنین. ئەوەی بە تانکەریش بۆمان دێت، نازانین پیسە یان پاک، کابرای تانکەر خۆی و ویژدانی."
ئەو بیرەی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە لێدراوە، ئاوەکەی لە حەوزێکدا کۆدەکرێتەوە، کە بەگوتەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ساڵێکە پاککنەکراوەتەوە. میراوەکە بە پاساو سەر حەوزەکەی گاڵە (قوفڵ) داوە و نەیکردەوە.
تاوەکو ئێستا ئەو گوندە کە بە دووریی نۆ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سلێمانی، تۆڕی ئاوی نیشتیمانی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیشی بەتەواوەتی پێنەگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ