فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان داوا لە بەغدا و هەولێر دەکات رێگربن لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات و داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات بە هاوئاهەنگی، رێگری لەو پێشێلکارییانەی تورکیا بکەن.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی شەممە 29-6-2024 بڵاوکراوەتەوە، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق باس لە ئۆپەراسیۆنی ئەم چەند رۆژەی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "بەداخەوە لەئەنجامی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەكە، زەرەر و زیانی زۆر بە رەز و باخی هاووڵاتییانی ناوچەكە گەیشتووە و ئەو دۆخە بووەتە مایەی بێزاركردنی خەڵک."
 
هەروەها دەڵێ "ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانیی قووڵی خۆمان دەردەبڕین. ئەم پێشێلكارییانە بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و سەروەریی عێراق شەرمەزار دەكەین. چونكە پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەلامەتیی هاووڵاتیان دەخاتە ژێر مەترسییەوە. هاوکات پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە." 
 
فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ رێگری لەو ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا بکەن و دەڵێت "بێدەنگیی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم لەهەمبەر ئۆپەراسیۆنێكی وەها گەورەی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، رەنگدانەوەی لەسەر متمانەی عێراق و هەرێمی كوردستان لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاووڵاتییانی دەبێت."
 
لە راگەیێندراوەکەدا، هۆکاری بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە؛ 'تائێستا عێراق نەیتوانیوە خۆی بەهێز بكات و وەڵامی ئەم جۆرە پێشێلكاریانە بداتەوە.'
 
فراکسیۆنی یەکێتی هەروەها داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، کەسوکاری شەهیدان و هاونیشتمانییانی زیانبەرکەوتووی ئەو ئۆپەراسیۆنانە قەرەبوو بکرێنەوە.
 
هونەر رەشید پەیامنێری رووداو لە دهۆک گوتی "کاژێر 07:00ـی ئێوارەی (شەممە، 29-6-2024) بە دووریی 50 مەتر لە ماڵێک، گوللـە تۆپێک کەوتووەتە خوارەوە. رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی بە گەوڕی هاووڵاتییەک گەیاندووە."
 
دلۆڤان رێکانی، دانیشتووی ناحیەی دێرەلووک بە رووداوی گوت گوللـە هاوەنێک بە نزیک ماڵی ئەو کەوتووە "زیانی بە ماڵ و منداڵەکانم نەگەیاند، بەڵام گەوەڕی عەلی حاجی پێپەرخی زیانی بەرکەوت و ساچمەی بە نزیک ماڵەکەش کەوتووە."
 
تیمی کوردستانی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی، لە راپۆرتێکدا راگەیاند ئەو گوللە هاوەنە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە بووە. 
 
هەروەها CPT دەڵێت: "10 رۆژە سوپای تورکیا بە 300 تانکی سەربازییەوە مانۆڕێکی دیکەی سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکردووە. سوپاکە لە بەرواری باڵا جموجۆڵی زەوینیی هەیە و سەربازانی چوونەتە نێو چەندین گوندی ناوچەکە".
 
ماوەیەکە شەڕی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان سەختتر بووە. بەپێی سەرچاوەیەکی فەرمی بۆ رووداو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە دەڤەری بەرواری باڵا، رۆژی هەینی، 28-6-2024 گوندی دەرگەلا موسابەگ لە بناری چیای مەتینا سەر بە ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدیی دهۆک، چۆڵ کراوە.