بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکێکی شاوێس چوار ساڵە بە تانکەر ئاو دەکڕن؛ "ئێمە دوو جار کرێچین"

29-06-2024
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکێکی شاوێس بە تانکەر ئاو دەکڕن
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکێکی شاوێس بە تانکەر ئاو دەکڕن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی گەڕەکی 50 ماڵی لە شاوێس، چوار ساڵە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و زۆرینەیان بە تانکەر ئاو دەکڕن.
 
زۆرینەی دانیشتووانی گەڕەکەکە کرێچین. فەیرووز حوسێن، سێ منداڵی نیڤشکانی هەیە و دەڵێت، چوار ساڵە لە وەرزی هاویندا ناچارن ئاوێک بکڕن کە زۆرجار پاکیش نییە.
 
فەیرووز حوسێن بە رووداوی گوت: "ئاو یان دەکڕین یان لەبنی دونیا سۆندە رادەکێشین، تاوەکو سۆندەکەش رادەکێشین 50 جار لێدەبێتەوە و دەکەوێتە ناو جۆگە و چڵپاو. ئەو ئاوەی دەشیکڕین، زۆر خراپە و هەمووی قوڕاوە، سێ منداڵی کەم ئەندامم هەیە ناجارین ئاو بکڕین هەمووشیان نەخۆش بوونە لەبەر ئەو ئاوە پیس و خراپە".
 
جۆگەلەکانی ئەو گەڕەکە وشک و بێ ئاون. سۆندە و بۆرییەکان نزیکەی مانگێکە ئاویان پێدا نەهاتووە. ئەو بیرەی ئاویان بۆ دابین دەکات، کەمتر لە 200 مەتر لە ماڵەکان دوورە، لە توانایدانییە ئاو بۆ تەواوی گەڕەکە دابین بکات.
 
خەڵکی ئەو گەڕەکە چەندینجار سەردانی شارەوانییان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. جەلال فارس، کرێکارە و دەڵێت: "کێشەکە ئەوەیە ئاو نییە، هەر پێنچ رۆژ جارێک بە تانکەر ئاو دەکڕین. تانکەریش لە 20 هەزار کەمتر نایێت، خۆم کرێچیم، ئەم کۆڵانە دوو سێ ساڵە وای لێهاتووە هاوینان ئاو نامێنێت".
 
ئازاد عەبدوڵڵا، کرێکارە و باس لەوە دەکات: "ئێمە چووینە شارەوانی دەڵێن 'پەیوەندی بە ئێمەوە نییە'. دەچینە لای موختار دەڵێ 'کاری شارەوانییە'. بەس ماوە بچینە لای وەزیر. ئەوە چوار ساڵە بەو دەردەسەرییە دەژین، ئەم کۆڵانە و کۆڵانەکەی دیکە ئاو نایێت، ئەو ئاوەشی دەیکڕین، هەمووی قوڕاوە و تووشی نەخۆشی بووین".
 
کەمئاوی بازاڕی خاون تانکەرەکانی گەرم کردووە. بەشێوەیەک بەشێکیان نایشارنەوە هەندێک کەس ئاوی نەشیاو بۆ کڕیاران دەبەن.
 
دانیشتووانی ئەو گەڕەکەی شاوێس لە سنووری هەولێر دەڵێن، ئەوان دوو جار کرێچین. جگە لە کرێی خانوو، ئەگەر هەفتانە دوو تانکەر ئاو بکڕن، مانگانە دەبێ زیاتر لە 160 هەزاریش بۆ پارەی کڕینی ئاو دابنێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە