99 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران تێدەپەڕێت؛ داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکەی دەکرێت

29-06-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شێخ سەعیدی پیران رۆژی 29ی حوزەیرانی 1925 لەگەڵ 46 هاوڕێی لە گۆڕەپانی داغكاپی، كە ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە بۆ مەیدانی شێخ سەعید، لە ناوەندی شاری ئامەدی باکووری کوردستان، لەسێدارەدرا؛ ئەمڕۆ 99 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران تێدەپەڕێت.
 
کاژێر 13:30 خولەکی ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیران، بەرپرسانی کۆمەڵەی شێخ سەعیدی پیران لە ناوەندی شاری ئامەد کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدەدەن و داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی دەکەن.
 
شێخ سەعیدی پیران، ساڵی 1865 لە ناوچەی پاڵووی خارپێت لەدایكبوو و لە 13ی شوباتی ساڵی 1925 لە پارێزگای ئامەد دژی حکومەتی ئەو کاتی تورکیا راپەڕی و بە ماوەیەکی كەم شاری چەولیگ و خارپێتی خستە ژێر دەسەڵاتییەوە.
 
لە كۆتایی نیسانی هەمان ساڵدا خۆی و 46 هاوڕێی دەستگیركران و دواتر لە سێدارەدران، بەڵام تائێستا نازانرێ لەكوێ بەخاکسپێردراون.
 
بنەماڵەی شێخ سەعید و سەندیکای پارێزەرانی ئامەد هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون.
 
دوایینجار دادگەی پێنجی کارگێڕی ئەنقەرە لە 28ی حوزەیرانی 2022دا ئەو داواکارییەی بنەماڵەی شێخ سەعید و سەندیکای پارێزەرانی ئامەدی رەتکردەوە کە لەبارەی ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی پێشکێش کرابوو، بە پاساوی ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا زانیاری لەسەر ئەو بابەتە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە