شاندێکى هەرێمى کوردستان بۆ بودجە دەچێتە بەغدا


رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ تاوتوێکردنى ناردنى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا کردووە، شێوازى رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و ئەو ماوەیەى کە قەرەبووى پشکى هەرێمى کوردستانى تێدا دەکرێتەوە تاوتوێ کراون، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ داواى لە شاندەکە کردووە وردەکارى خەرجی و داهاتى هەرێمى کوردستانی بۆ بنێرن. هەروەها بڕیارە دوای جەژن کۆبوونەوەی دیکە بکرێت. 
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغدا و هەرێمى کوردستانەوە دەستیکەوتوون، هەفتەى رابردوو شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پرسی ناردنى پشکی هەرێمى کوردستان لە بودجەی گشتیدا سەردانى بەغدایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى کۆبوونەتەوە. 
 
بەرپرسێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە ئاگادارى ئەو کۆوبونەوەیە بووە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "یەکێک لەو پرسانەى لە کۆبوونەوەکەدا باسکراوە، ئەوەیە کە مەبەست لە داهاتى نانەوتى چییە کە پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى رادەستى بەغداى بکات و شێوازى رادەستکردنەوەکەى چۆن دەبێت، کە لە پشکى بەشە بودجە دەبڕدرێت یان شێوازى دیکە، ئەوە جگە لە میکانیزمى تەرخانکردنى 50%ى داهاتى خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایانەى کە ئەو خاڵە سنووریانەیان تێدایە." 
 
بەگوێرەى مادەى 12ى یاساى بودجە، حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیوەست کراوە بە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى، هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستانیش بە هاوهەنگى وردبینى لە زانیارییەکانى تایبەت بەو داهاتە نانەوتییانە دەکەن.
 
لە مادەى 21ى یاساکەدا ئاماژ بەوەدراوە، 50%ى داهاتى خاڵە سنوورییەکان بەوانەشەوە کە لە سنوورى هەرێمى کوردستاندان بۆ خزمەتگوزارییەکانى ئەو پارێزگایە یان پڕۆژەکانى وەبەرهێنانیان یان نۆژەنکردنەوەى ئەو دەروازانە خەرج دەکرێت.     
  
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، یەکێک لە پرسەکانى دیکە لەو کۆبوونەوەیەی نێوان شاندەکەى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی عێراق گفتوگۆى لەبارەوە کراوە، ئەو ماوەیەى رابردووە کە پێویستە حکومەتى فیدراڵیى عێراق هەژماری بکات بۆ ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان بەر لە پەسندکردنى بودجە.
 
شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەوەدابوون لەسەرەتاى ساڵەوە قەرەبووى پشکى هەرێمى کوردستان بکرێتەوە، بەڵام وەزارەتى دارایی عێراق رژد بووە لەسەر ئەوەى کە ئەو هەژمارکردنە لە 25ى ئادارەوە بێت، کە تێیدا هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات، کە بۆ هەناردەکردن یان نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەمەش وەک یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستانە لەو بودجەیە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارى بودجەى عێراق. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بەغدا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتى دارایی عێراق داواى لە شاندەکەى حکومەتى هەرێمى کردستان کردووە، بۆ خەرجکردنى پارەى بەشە بودجە وردەکاریى خەرجی و داهاتى هەرێمى کوردستانی بۆ بنێرن." 
 
بڕیارە لە دواى کۆتایی پشووەکانى جەژنى قوربان کۆبوونەوەى دیکە بۆ هەمان مەبەست لەنێوان شاندى هەولێر و بەغدا بکرێت.