بە تەمەنترین حاجیی کورد لە مەککە کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
بە تەمەنترین حاجیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە خەڵکی شاری بانە بوو، دوای بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و لە تەمەنی 111 ساڵیدا، کۆچی دواییکرد.
مستەفا مەحموودزادە، خەڵکی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە بوو، رۆژی 28.06.2023 دوای بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە ناوچەی مینادا دڵی لە لێدان کەوت و کۆچی دواییکرد.
سەید عارف عینایەتی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی حەجی پارێزگای سنە رایگەیاند، حاجی مستەفا مەحموودزادە رۆژی سێشەممە چووەتە سەر کێوی عەرەفە، رۆژی چوارشەممە دوای بەجێگەیاندنی فەریزەکانی حەج بەهۆی وەستانی دڵییەوە کۆچی دواییکردووە.
محێدین مەحموودزادە، کە کوڕی حاجی مستەفایە رایگەیاندووە، تەرمی باوکی هەر لە گۆڕستانەکانی مەککەدا دەنێژرێت.
لە رۆژانی رابردوودا 4 حاجی ئێران لە کاتی حەجدا گیانیان لەدەستدابوو.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران، ئەمساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە 87 هەزار و 550 کەس چوون بۆ حەج.