حیزبەکان راپۆرتێک لەبارەی هەڵبژاردن دەدەنە سەرۆکی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
دەزگە و مەکتەبی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە؛ بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "هەموو حیزبەکان بۆچوونەکانیان خستەڕوو ئەوەش دەکرێتە راپۆرتێک و دەخرێتە بەردەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان."
رۆژی چوارشەممە 29ـی حوزەیرانی 2022، هێمن ئەسکەندەر بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە و هەموو حیزبەکان بۆچوونی خۆیان خستەڕوو، ئەو لیژنەیەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دیاریکردبوون بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی نووسییەوە و دەیکەنە راپۆرتێک و دەیخەنە بەردەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان."
رۆژی 24ـی شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمیی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆكرد و بڕیاریدا رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت.
هێمن ئەسکەندەر ئاماژەی بەوەش کرد کە دوێنێ بە "هیچ ئەنجامێک" نەگەیشتوون. گوتیشی، "راپۆرتەکە دەخرێتە بەردەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دواتر ئەو خۆی دەزانێت چۆن جوڵەکان دەستپێدەکاتەوە؛ ئایا لەگەڵ سەرۆکایەتیی حیزبەکان کۆدەبێتەوە یان چی دەکات دواتر دەردەکەوێت، هیچ کاتێکی دیکەش بۆ کۆبوونەوەی ئێمە دیارینەکراوە."
بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنەکانی ئەو لایەنانەی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە دووەم کۆبوونەوەیان بوو، لایەنەکان بریتیبوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان و پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان.
بەهۆی ناکۆکییەوە تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان رێکنەکەوتوون بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، کاتی پێویستیان نەماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە. رۆژی 25ـی حوزەیرانی 2022، شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ئەوان چاوەڕێن دوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژێکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریبکات.
شێوازی هەڵبژاردن و بازنەکان لەو ناکۆکییانەن کە لایەنە سیاسییەکان بۆ رێککەوتن گفتوگۆی لەسەر دەکەن؛ پارتی دیموکراتی کوردستان یەک بازنەیی پێباشە و لایەنەکانی دیکە فرەبازنەیی، هەروەها کورسی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدەرانی گشتیی و پێکهاتەکان، دەنگدانی تایبەت و پێکهاتەی کۆمیسیۆنیش لەو ناکۆکییانەن کە لایەنە سیاسییەکان رێکنەکەوتوون لەسەری.
ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان 9 ئەندامی هەیە؛ سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوو ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش یەکی ئەندامێکیان هەیە، هەروەها حیزبی شیوعی کوردستان، ئاراستەی سێیەم، حیزبی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە پێکهاتەکانی دیکەی کۆمیسیۆنەکەدا پشکیان هەیە.