بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵ: ناکۆکییەکان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان وەکو خۆیانن

30-06-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی نێوان دەزگا و مەکتەبەکانی هەڵبژاردنی هەشت لایەنی کوردستانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هیچ نزیکبوونەوەیەکی ئەوتۆ بەدینەهاتوون، دەشڵێت: "سێ تەوەر باسکران کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران."
 
رۆژی چوارشەممە، 29-6-2022، د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، سێ تەوەری گرنگ کە بریتین لە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، پرسی تۆماری دەنگدەران و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قسە و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەر لایەنێک بۆچوون و پێشنیازەکانی خۆی خستەڕوو، بەڵام ناکۆکییەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە و جیاوازی لە بۆچوونەکاندا لەوبارەیەوە هەیە، بەڵام ئەسلی کۆبوونەوە راوێژکارییە و بڕیارە کۆنووسێک ئامادەبکرێت و بدرێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دواتر سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ لایەنەکاندا بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت."
 
د. بێستوون حەمەساڵح گوتیشی: "ئەوەی گرنگە هەموو لایەنەکان کۆکین لەسەر ئەوەی کۆمیسیۆن کارابکرێتەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت، ئەگەر فریا نەکەوتین لە وادەی خۆیدا بکرێت ئەوا هەڵبژاردنی پەرلەمان زۆر لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە دوانەکەوێت." 
 
رۆژی سێشەممە، 28-6-2022، بە سەرپەرشتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەرپرس و نوێنەرانی دەزگاکانی هەڵبژاردنی هەشت لایەنەی سیاسیی کۆبوونەوە کە بریتین لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری، لەبارەی پرسی تۆماری دەنگدەران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لەسەر پرسی تۆماری دەنگدەران کۆمەڵێک بۆچوون هەبوون لەوانە تۆماری دەنگدەرانی عێراق و دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێتە بنەما." روونیشیکردەوە، "سەبارەت بە دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان پێشنیازمانکرد دەنگدانی تایبەت نەمێنێت و هەموو پێکەوە و لەیەک رۆژدا دەنگبدرێت، واتە هێزە ئەمنییەکان پێش کاژێرێک لە دەنگدان دەنگی خۆیان بدەن." 
 
تایبەت بە پێکهاتەکان، د.بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، رایگەیاند: "هەموو لایەنەکان کۆکین لەسەر ئەوەی بوونێکی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن پێویستە و هەموو پێیانباشە هەبێت و کورسییەکانیان وەکو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام دابەشی بازنەکان بکرێن."
 
باسی لەوەشکرد هێشتا دیارنییە کە کۆبوونەوەی دیکە دەکەن یان نا، بەڵام گوتی: "هێشتا بڕیاری پێویست نەدراوە، بەڵام بەپێی ئەوەی بە ئێمە راگەیێنراوە دەبێت دوای کۆبوونەوەی دەزگا و مەکتەبەکانی هەڵبژاردن و پێش رۆژی 1ی تەمموزی 2022 راپۆرتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە بۆچوونی لایەنەکان ئامادەبێت و دواتر دەبرێتە کۆبوونەوەی لووتکە."
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی 1-10-2022 بکرێت، مشتومڕی لەنێو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و لەسەر یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، چەندین بڕگە و ماددەی یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران و خاڵگەلێکی دیکە لایەنەکان بۆچوونیان جیاوازە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 24-2-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی واژۆكرد و بڕیاریدا رۆژی 1-10-2022 هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت. 
 
رۆژی 22-5-2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، یەکگرتوو، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە کۆبووەوە و سەرەتای خاوکردنەوەی گرژیی نێوان لایەنەکان بوو.
 
رۆژی 26-5-2022، نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ نوێنەری حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە؛ دواتر رۆژی 9-6-2022  نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و  هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە