رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی كاروباری دادوەری و چاكسازی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا روونكردنەوەیەكی لەبارەی گیان لەدەستدانی كەسێك بەناوی ئەمین عیسا عەلی دەدات ،كە وەك لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئەو کەسە لە 22ی ئایارەوە بەتۆمەتی پێدانی بەرتیل لە چاكسازیی غوێران لە حەسەكە بەندكرابوو.
بەگوێرەی روونكردنەوەكە، رۆژی 28ی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی چاكسازیی غوێران لە حەسەكە هەواڵی گیان لەدەستدانی گیراوێك پێی راگەیاندووین. رێوشوێنی یاسایی گیرایەبەر و تەرمی کەسەکە گواسترایەوە دادپزیشكی نەخۆشخانەی شەهید ساریە بۆ توێكاری و ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و داواكاری گشتیی و پزیشكی دادی.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، دوای لێكۆڵینەوە و پرسیاركردن، دەركەوت، ئەو كەسەی گیانی لەدەستداوە، بەتۆمەتی گەندەڵی و پێدانی بەرتیل راگیرا بوو. خۆیشی پێشتر نەخۆش و كێشەی تەندروستیی هەبووە و بەردەوام كەسوكارەكانی لەكاتی سەردانیكردنیدا دەرمان و چارەسەریی پزیشكیان بۆ دەهێنا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ئەنجامی راپۆرتی توێكاریی کە لەلایەن پزیشکانەوە واژۆ كراوە، دەركەوت هیچ شوێنەوارێكی تووندوتیژی و ئەشكەنجە لە جەستەیدا نەبینراوە و هۆكاری گیان لەدەستدانیشی جەڵتەی مێشك بووە".
هەر بەگوێرەی رێكارەكانەوە بانگهێشتی كەسوكاری كرا و لەنێویاندا براكەی و هەواڵی گیان لەدەستدانی براكەی لەلایەن كەسانی پەیوەندیدارەوە پێڕاگەیێندرا و ئاگاداریش كرانەوە لە هەر گومانێكدا دەتوانن خۆیان پشكنینی بۆ بكەن و خۆیان پێنج پزیشك دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی توێكاری نوێ بۆ تەرمەکەی بكرێت و هۆكاری گیان لەدەستدانەكەی بە راپۆرت پێشكەشیان بكرێت. بەڵام كەسوكارەكەی، تەرمەكەیان وەرگرتەوە و بە خاكیانسپارد بەبێ ئەوەی هیچ پشكنینێكی پزیشكی بۆ بكەن.
نووسینگەكە رایدەگەیێنێت، پێیان سەیر بووە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ناوبراو بەشێوەیەكی جیاواز و دوور لە راستی و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تەرمەكە بەپێچەوانەی بنەما ئەخلاقی و رێكارە مرۆییەكان و شێواندنی راستییەكان. هەروەها وێنەی ئەو تەرمەی بڵاوبووەتەوە هی ئەو كەسە نییە و بە فۆتۆشۆپ دەستکاری کراوە.
نووسینگەی كاروباری دادوەری و چاكسازی جەخت لەوە دەكاتەوە، بەڵگەنامەكانی دادپزیشكی، دەنگۆكان بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە وێنە و ڤیدیۆیانە تەنیا بۆ نانەوەی ئاژاوە و فیتنە و شێواندنی وێنەی هێزەكانی سووریای دیموكرات و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باكوور و رۆژهەڵاتی سووریایە. بۆیە لێرەوە بۆ رای گشتیی دووپاتی دەكەینەوە ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراونەتەوە پێچەوانەی هەموو بنەمایەكی ئەخلاقی و پیشەگەریی میدیاییە و بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمانەوە نییە و تەنیا بۆ نانەوەی كێشەیە.
نووسینگەی كاروباری دادوەری و چاكسازی دەڵێت لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنن و سەرجەم بەڵگەكانی پێش و پاش رادەستكردنی تەرمەكە بۆ كەسوكارەكەی دەخەنەڕوو. ئەگەر پێچەوانەكەشی دەركەوت و سەلمێنرا كە ئازاردراوە، هەر کەسێک بەرپرسیار بێت رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ