بەهۆی خۆراکی خواردنگەیەک لە بەردەڕەش؛ 17 کەس ژەهراویبوون


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی ئەوەی لە خواردنگەیەکی سنووری قەزای بەردەڕەش خۆراکیان خواردووە، 17 کەس ژەهراوی بوون کە هەموویان خەڵکی سەنتەری قەزای بەردەڕەشن.
 
نەشوان بەرزنجی، گوتەبێژی تەندروستیی بەردەڕەش و بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی تەندروستی و قایمقامیەت دەرگەی ئەو خواردنگەیەیان داخستووە. هاوکات چەند نموونەیەکی خۆراکی ئەو خواردنگەیە وەرگیراوە و بۆ تاقیگە نێردراوە. 
 
لە شەوى رابردووەوە تاوەکو ئێستا 17 کەس کە خۆراکیان لەو خواردنگەیەی سنوورى قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک خواردبوو، رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
 
نەشوان بەرزنجى ئاماژەی بەوەشکرد، 15 کەس لەو نەخۆشخانە هەر لە قەزای بەردەڕەش چارەسەرکراون، دوو نەخۆشی دیکەش رەوانەی نەخۆشخانەی ئاکرێ کراون، بەڵام دۆخی تەندروستیی هەموویان جێگیرە.
 
لەبارەی هۆکاری ژەهراویبوونی ئەو کەسانە، نەشوان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد، دەستبەجێ تیمەکانی تەندروستی و قایمقامیەت سەردانی ئەو خواردنگەیەیان کردووە، خواردنگەکە سزادراوە و چەند نموونەیەکی خۆراکیش وەرگیراوە و رەوانەی تاقیگەی دهۆک کراوە. لەوێ لێکۆڵینەوە دەکرێت تاوەکو بزاندرێت بە دروستی هۆکارەکە چییە، خواردنی ماسییە یان شتێکی دیکەیە لەو خواردنگەیە. 
 
خواردنگەکە لەسەر پردی مەندانە لە نزیک رووباری خازر و بەزۆری ماسی پێشکێشی میوانەکانی دەکات.