پژاک ناسنامەی ئەو گەریلایەی ئاشکراکرد کە لە بۆردوومانەکەی کونەماسی گیانی لەدەستدا
رووداو - هەولێر
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ناسنامەی ئەو گەریلایەی ئاشکرا کرد، کە هەفتەی رابردوو بەهۆی بۆردوومانی تورکیا لە سەیرانگەی کونەماسی لە پارێزگای سلێمانی، گیانی لەدەستدا. داواش لە گەنجانی بۆکان دەکات چەک هەڵبگرن.
رۆژی پێنجشەممە 25-6-2020 بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە بۆ سەر سەیرانگەی کونەماسی لە شارباژێڕی سلێمانی بەگوتەی قایمقامی شارباژێر "چەکدارێک" کوژرا و شەش هاونیشتمانیش برینداربوون.
رۆژێک دوای بۆردوومانەکە پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە گەریلایەکیان کوژراوە و سێ گەریلای دیکەشیان لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا بریندارکراون. ئەمڕۆش ناسنامەی گەریلاکەی ئاشکراکرد.
پژاک لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە ماڵپەڕەکەیان بڵاوی کردووەتەوە، ئاشکرای کردووە کە ئەو گەریلایە ناوی رێبوار قولیزادەیە و ناوی رێکخستنی "ئاریوان شۆڕشگێڕ" بووە و لە دایکبووی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
پژاک لە وەسفی ئەو گەریلایەیدا نووسیویەتی: "هەڤاڵ ئاریوان لاوێکی خوێنگەرم و خاوەن هەستی بەرزی وڵاتپارێزی و خەڵک دۆست بوو کە بە تێگەیشتن لە داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و دۆخی نالەباری کۆمەڵگا و خوێندنەوەیەکی راست لە پرسی کورد، رێگەی چیا سەرکەشەکانی کوردستانی بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات لەسەر رێچکەی شەهیدانی پێشەنگ وەک عاکیف مامۆ زاگرۆس، دلێر بۆکان و دڵگەش و ئاراس گرتەبەر".
پژاک لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا داوا لە گەنجانی شاری بۆکان دەکات، چەک هەڵبگرن و "درێژهپێدهری رێگای ئاریوانهكان بن".
لە ماوەی مانگی رابردوودا، ئەوە دووەمینجارە، گەریلاکانی پژاک لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەبنە ئامانجی بۆردوومانی فرۆکەکانی تورکیا. شەوی 26-5-2020 فرۆکەکانی تورکیا، لە قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی گەریلایان کردە ئامانج، بەو هۆیەوە پێنج گەریلا گیانیان لەدەستدا و زیان بە چەند خانوویەکی گوندی سەفرە گەیشت و نەخۆشخانەی گوندەکەش خاپوور بوو.
دوای رووداوەکە، یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کە باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)ە رایگەیاند، دوو گەریلا و سێ لایەنگری ئەو حیزبە بە بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
یەرەکە ناوی دوو گەریلاکەی ئاشکرا کردبوو. کە یەکێکیان خەڵکی شاری سنەیە و ناوی رێباز بێنەوەرد (رێباز سنە)یە، ئەوەی دیکەشیان خەڵکی شاری ماکۆیە لە پارێزگای ورمێ و ناوی فەخرەدین عەلینەژاد (زنار بروسک)ە لە ساڵی 2016 بوونەتە گەریلا، بەڵام یەرەکە ناوی سێ هاووڵاتییەکەی ئاشکرا نەکردبوو.