ئەنجوومەنی شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە هەڵوەشێندرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە رایگەیاند، بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی فەرمی، جێبەجێنەکردنی ئەرکە یاساییەکانی، جووڵە دژی بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی شارەکە بە فەرمی هەڵوەشێندرایەوە.
 
حوسێن زارعی، قایمقامی شاری سەوڵاوا دەڵێت، لە چەند مانگی رابردوودا ئەنجوومەنی شاری سەوڵاوا هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی نەکردووە؛ هەروەها نەتوانراوە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرێت و ئەوەش "ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان، چەندین جار سەردانی قایمقامیەتیان کرد."
 
قایمقامی شاری سەوڵاوا گوتیشی، "دوای تاوتوێکردنی پێشێلکارییەکانی ئەنجوومەنی شاری سەوڵاوا لە دەستەی تایبەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ئەنجوومەنەکان لە پارێزگای سنە، بڕیار لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شارەکە درا و بە مەبەستی بڕیارلێدانی کۆتایی لەسەر بابەتەکە، بڕیارەکە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران کرا."
 
بەپێی راگەیێندراوی قایمقامی سەوڵاوا، دوێنێ بڕیارەکە لەلایەن دەستەی ناوەندیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە پەسند کرا و پارێزگاری سنە و قایمقامیەتی سەوڵاوا لە بڕیاری کۆتایی وەزارەت ئاگادارکرانەوە.
 
بەپێی دەستووری ئێران، ئەگەر ئەنجوومەنی شارێک هەڵوەشێندرایەوە، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنەکە دەدرێتە پارێزگار و تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، پارێزگار ئەرکە یاساییەکانی ئەو ئەنجوومەنە رادەپەڕێنێت.
 
ئەنجوومەنی شاری سەوڵاوا پێنج ئەندامی هەیە. ئەندامانی ئەنجوومەنی شار و گوندەکان بە دەنگی راستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن.