16 هەزار مامۆستا لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێریی گشتی گرێبەستیان بۆ دەکرێت

30-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێویستی بە 120 هەزار مامۆستایە، بەپێی بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 هەزار مامۆستایان پێویستە و وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانیان دەکات.

86 گەڕەک و 764 کارمەند
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی تاقیکردنەوەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کە بڕیارە رۆژی هەینی 31ـی ئەم مانگە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت، بە رووداوی گوت "لە 86 گەڕەکی 18 پارێزگا، 46 گەڕەک لە گوند و 40 گەڕەک لە شار دەکرێت، 764 کارمەندی ئامار سەرپەرشتی دەکەن."
 
هەروەها گوتی، تاقیکردنەوەکە لە 450 بلۆک دەکرێت، واتە هەر پارێزگایەک لەنێوان 20 بۆ 30 بلۆکی تێدا دەبێت.
 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کە بڕیارە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دوای 37 ساڵ بۆ یەکەمجار بکرێت، پێویستی بە چەند قۆناخێکی کارە.
 
گوتەبێژەکەی پلاندنانی عێراق دەڵێت "تێستەکە بەشێکە لە قۆناخەکان، دوای تێستی سەرژمێری، قۆناخێکی دیکە دەستپێدەکات، راهێنانی ئەو کەسانەیە کە لە سەرژمێریی گشتیی کاردەکەن و لە هەموو عێراق پێوستمان بە 120 هەزار کەس دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە رێککەوتن دەکەین."
 
ئەو مامۆستایانەی لەو پرۆسەیەدا گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت، بەشێکیان زیاتر لە چوار مانگ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان کاردەکەن و، بەشێکی دیکەیان چەند رۆژێکی کەم لە 15 رۆژ تێپەڕ ناکات و، پاداشتی داراییشیان بۆ تەرخانکراوە.
 
هەروەها دەڵێت "بەشێک لەو کەسانە راهێنانیان پێدەکرێت، لە 15ـی تەمووزەوە تاوەکو 15ـی ئەیلوول لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان بەکاردەهێندرێن."   
 
16 هەزار کەس لە چوار پارێزگاکەی کوردستان سەرژمێری دەکەن 
 
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو رێککەوتنەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە گەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەیکات، لەگەڵ پەروەردەی کوردستانیش دەکرێت. لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێری گشتی پێویستمان بە نزیکەی 15 بۆ 16 هەزار مامۆستا دەبێت."
 
دەشڵێت "دەبێت ئەو کەسانە مەرجەکانیان تێدا بێت، واتە وەزارەتی پەروەردە هەڵیان دەبژێرێت، پێشکێشکردن لەرێگەی فۆرمەوە نابێت."
 
هەفتەی داهاتوو سەرجەم مەرجەکانی پێویست لەو مامۆستایانەی وەردەگیرێن و بڵاودەکرێنەوە. "دەبێت تەمەنیان لە 45 ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها شارەزاییان لە بواری ئای تی و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و تابلێت هەبێت، چونکە سەرژمێرییەکە ئەلیکترۆنییە و پێویستی بە شارەزاییە."
 
دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە ناوەکانیان بۆ دەنێرێت، بۆ ماوەی 15 رۆژ راهێنان بەو مامۆستایانە دەکرێت و دواتر لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان کە لە مانگی تەمووز بۆ ئەیلوول بەردەوام دەبێت، بەشێکیان دەخرێنە سەر کار. ئەوانی دیکەش بۆ رۆژی سەرژمێریی گشتی دەبێت.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری سلێمانی، لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیکردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەسەر ئاستی عێراق دەبێت و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش لیژنەی بچووک دەبێت کە لە 9 فەرمانگە پێکدێت و جێگری پارێزگار سەرپەرشتیی دەکات. هەروەها لە قەزا و ناحییەکانیش بەڕێوەبەری یەکەمی یەکەی کارگێڕی سەرۆکی لیژنەکە دەبێت.
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات، کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
 
لە ساڵی 2009ـوە حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام رێگر بووە لێی. 
 
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە