میری ئێزدییان: پیرۆزبایی لە رووداو، لەو سەکۆ میدیاییە ئازادە دەکەم

رووداو دیجیتاڵ

میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رووحانیی ئێزدییان، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداو، پیرۆزبایی دەکات و ئومێدی سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت.
 
میر حازم تەحسین بەگ لە پەیامێکدا دەڵێت "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی کەناڵی ئاسمانیی رووداو دەکەم بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئەم سەکۆ ئازادەی میدیا."
 
میر حازم تەحسین بەگ دەڵێت "راگەیاندن ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دروستکردنی پردی خۆشەویستی لەنێوان کۆمەڵگەکان."
 
هەروەها روونیکردووەتەوە "ئێمە، لەگەڵ دەنگی ئازاد و بێلایەنین کە گوزارشت لە تێڕوانین و هیواکانی گەل بە سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکانییەوە بکات. بۆیە دەستخۆشی لە بەڕێوەبردنی کەناڵی ئاسمانیی رووداو دەکەین و ئومێدی بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی پرسەکانی کۆمەڵگە."
 
لە 29ـی ئایاری 2013، رووداو وەک تۆڕێکی میدیایی بە تەلەڤیزیۆن، رادیۆ و پۆرتاڵ دەستی بە پەخش کرد.
 
پێش ئەوەی وەک تۆڕێکی میدیایی دەستبەکاربێت، رووداو لە دوو هەفتەنامەی چاپکراو پێکهاتبوو؛ وەشانێکی سیاسی و گشتی کە ژمارەی یەکەمی لە 5ی نیسانی 2008 و وەشانێکی وەرزشیش کە 4ی حوزەیرانی هەمان ساڵ یەکەمین ژمارەی دەرکرد. وەک روانگەی رووداو بۆ رۆیشتن لەگەڵ تەوژمی داهێنانی دیجیتاڵیی جیهان و لابردنی کاخەز بۆ پاراستنی ژینگە، وەرزشییەکە بە دەرکردنی ژمارە 530 لە یەکی کانوونی دووەمی 2019 و گشتییەکە بە ژمارەی 593 لە 24ـی شوباتی 2020 وەستێنران.
 
تۆڕی میدیایی رووداو هەوڵی داوە سوود لە نوێترین داهێنانە تەکنەلۆجییەکانی بواری راگەیاندن ببینێت بۆ ئەوەی لە جیهانێکی پێشکەوتوودا بەردەوام لە نزیک وەرگرەکەی بمێنێتەوە. لە تەلەڤزیۆن بە هەردوو شێوەزاری کورمانجیی سەروو و خواروو پەخش دەکات و لە پۆرتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و تورکیش هەواڵ و بەرهەمەکانی دەگەیێنێت.
 
جگە لەوەی کە تەلەڤزیۆنەکەی پڕبینەرترین و پۆرتاڵەکەی پڕخوێنەرترینی کوردستانە، ئاماری ناوەندە جیهانییەکان دەیسەلمێنن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وەرگری زۆری لە ناوچەکەدا هەیە.
 
ئەم تۆڕە کوردستانییە فرەزمانە کە لە 11 ساڵی رابردوودا دەیان خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی بەدەستهێناوە؛ بەهۆی پیشەیی، لێهاتوویی و متمانەیەوە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەواڵ لە بارەی رووداو و پێشهاتەکانی کوردستان و ناوچەکە بۆ کەناڵ و ئاژانسە هەواڵییە هەرە دیارەکانی جیهان، دیارترینیان ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، ئاژانسی ئەسیۆشەتد پرێس، تۆڕی هەواڵی ئەورووپی ئینێکس.