نووسینگەی سوودانی: رێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی پێکهێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و محەممەد شیاع سوودانی دا، رێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دەستپێکردنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی ئایاری 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی سێیەم کۆبوونەوەی لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کرد لە چوارچێوەی "هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی کەرکووک"دان.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵ و گوتوبێژەکانی پەسەندکردنی رێککەوتنی سیاسیی نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە باسکراوە، لەگەڵ ئەو رێکارانەی کە دەبنە هۆی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە کە زیاتر لە چوار مانگ دەبێت دواکەوتووە.
مەبەست لەو گفتوگۆیە، وەکو لە راگێیندراوەکەدا هاتووە هەوڵەکانە "لەپێناو پارێزگاریکردن لە پێکەوەژیانی برایانەی ئاشتییانە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی کەرکووک بەبێ پەراوێزخستن و دوورخستنەوە."
لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە: "ئەو کاخەزە سیاسییە پەسەندکرا، لەگەڵ تاوتوێکردنی هەندێک تێبینی و پێداچوونەوەیان، هەروەها رێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا لە چوارچێوەی وادەیەک کە رێککەوتن لەسەر کاتەکەی کراوە، بۆ دەستپێکردنی رێکارە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و پەسندکردنی ناوەڕۆکی کاخەزە سیاسییەکە."
رۆژی 21ـی کانوونى دووەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکانى پەسند کرد، کە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ کرا.
ئەنجوومەنى پارێزگەى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکانى عێراق، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانیێتییەکیان پێکهێنا و 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.