مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتەکان: لەکاتی خۆیدا و بێ کەموکورتی لیستی مووچە بۆ حکومەتی فیدراڵی بنێرن

29-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکەدا رایگەیاند "پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم، بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا، رەوانەی حکومەتی فیدراڵ بکرێت."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-5-2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی خستەڕوو، دەڵێ سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردووەتەوە لەوەی، "پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم."
 
مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، لە بەرامبەر ئەم کارەی وەزارەتەکان، پێویستە ''حکومەتی فیدراڵی بەرپرسیاریێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێبگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن."
 
"فراکسیۆنەکان بە یەک دەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بکەن" 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات، "بە یەک دەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025."
 
ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانیشی راسپارد "لە هەماهەنگیی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووری و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە."
 
2024-5-26 وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە کاش خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ، ئەمەش وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەنجوومەنی وەزیران جەختیش دەکاتەوە لەوەی راپۆرتی وردبینیی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و، ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی کران، کە ''بەداخەوە'' زیاتر لە 50 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە