تەرمی هاونیشتمانییەک دوای نزیکەی مانگێک لە دیارنەمانی لە قەرەداخ دۆزرایەوە

29-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

تەرمی ئەو هاونیشتمانییە دۆزرایەوە کە پێش نزیکەی مانگێک لە قەرەداغ دیار نەمابوو؛ پۆلیس دەڵێ "هیچ شوێنەوارێکی ئازاردانی پێوە دیار نییە." 

 

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەکانمانەوە لە بەشی پۆلیسی قەرەداخ، تەرمی ئەو هاووڵاتییە دۆزرایەوە، کە رۆژی 1ـی ئەم مانگە لە ماڵ چووبووە دەرەوە و دیار نەمابوو." 

 
ئەو هاونیشتمانییە ناوی نەجمەدین محەممەد ساڵحە و تەمەنی 74 ساڵ بوو، رۆژی 1ـی ئایاری 2024 لە ماڵی خۆیان لە قەرەداخ چووە دەرەوە بەمەبەستی کردنی گژوگیای بەهارە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، تەرمی نەجمەدین هیچ شوێنەوارێکی فیشەک یان ئازاردانی بە کەرەستە و ئامێری تیژ پێوە دیار نییە.
 
سەرکەوت ئەحمەد گوتیشی "ئەو ماوەیە رەشەبا، بارانی لەناکاو و کەشوهەوا نالەبار بوو، بەڵام تیمەکانمان هەر دەگەڕان. بەهۆی ئەو کەشەوە تیمەکانمان نەیانتوانی زووتر بیدۆزنەوە."   
 
لە یەکەم هەفتەی دیارنەمانی، کەسوکاری نەجمەدین پەیوەندییان بە رووداو کردبوو و داوایان کردبوو هەرکەسێک سۆراخی دەزانێت، ئاگاداریان بکاتەوە. سەرکەوتی کوڕی نەجمەدین، بە رووداوی گوت ئێوارەی ئەمڕۆ پۆلیس ئاگاداری کردوونەتەوە لە دۆزینەوەی تەرمی باوکیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە