سوودانی سێیەم کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات

29-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سێیەمجار لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش باسی دوو پێشنیاز بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە دەکات زیاتر لە چوار مانگە دواکەوتووە.
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29ـی ئایاری 2024) کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ لایەنەکانی پێکهێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەستیپێکرد.
 
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرەی تورکمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، چەند پێشنیازێک بخرێنەڕوو و ئەگەری هەیە بڕیار لەبارەی ئەو پرسەوە بدرێت."
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دوو پێشنیاز بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی هەن. یەکەمیان کە زیاتر قبوڵکراوە و پێشنیازی ئەوانە، ئەوەیە هەرسێ پێکهاتەی سەرەکی "کورد، عەرەب، تورکمان" بەشێوەی خولی وەکو یەک  پۆستەکانی پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن.
 
ئەو دەڵێت "ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی ئەم پێشنیازەوە بدرێت."
 
باسی لە پێشنیازی دووەمیش کرد کە بریتییە لەوەی "کورد و عەرەب وەکو یەک و بەشێوەی خولی، پۆستی پارێزگار وەربگرن، تورکمان پۆستی جێگرانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا وەربگرێت. بەڵام بەرەی تورکمانی ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە."
 
ئەحمەد رەمزی لە قسەکانیدا بە گەشبینییەوە دەڵێ "ئەمڕۆ پێشنیاز و چارەسەرێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی دەکرێت و پەسند دەکرێت."
 
رۆژی 21ـی کانوونى دووەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکانى پەسند کرد، کە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ کرا.
 
ئەنجوومەنى پارێزگەى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەکانى عێراق، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانیێتییەکیان پێکهێنا و 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە