رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 11یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداو پیرۆزبایی لێدەکات و دەڵێت، "سەرچاوەی هەواڵی من رووداوە."
لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و تەواوی کارمەندان و ستافی رووداو دەکات، "بە هیوام بەردەوام بن لە بەجێهێنانی ئەرکی میدیاییتان بۆ گەیاندنی زانیاریی دروست لەسەر رووداوەکان، پشتبەست بە سەرچاوەی پاکی زانیاری و بە رەچاوکردنی بنەماکانی ئیتیکی رۆژنامەوانیی پیشەیی دوور لە هەڵەشەیی و تەنها بەئامانجکردنی لایک و کۆمێنت بۆ سەرنجڕاکێشانی کاتیی بینەران. باشترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی پێشڕەویی رووداو لەم بوارە، بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە 11 ساڵی رابردوودا، کە ئازایانە کێبڕکێی زەحمەتتان کرد لەگەڵ زۆر میدیای بەنێوبانگی جیهانی."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئامانج رەحیم باسی لەوە کردووە، لە سەردەمی دیجیتاڵمیدیا و کرانەوەی زیاتر بە ئاراستەی فراوانبوونی ئازادییەکانی دەربڕین و کەناڵەکانی راگەیاندن، ئەرکی میدیای راستگۆ و رۆژنامەڤانی پابەند بە ئیتیکی رۆژنامەوانی زەحمەتتر دەکات، چونکە وەرگر سەرچاوەی زۆر دەبێت و کێبڕکێ و سەبقی رۆژنامەوانی دەبێتە پاڵنەرێک بۆ جەنجاڵی و هەڵەشەیی لە گەیاندن و وەرگریش ناتوانێت بە ئاسانی بگاتە زانیاری.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "یەکێک لەو کەناڵانەی تەماشاکاریم و سۆشیال میدیاکەشی دەخوێنمەوە، کەناڵی رووداوە، واتە بۆ من سەرچاوەیە، لە هەمان کاتدا ئەزموونی کەسیی خۆم لە چاوپێکەوتن و بەشداریی بەرنامەکانی رووداو ئەو راستیە دەسەلمێنێت کە بێژەرەکانی ئەم کەناڵە هەڤپەیڤینکارێکی پیشەیی و بەتوانان و بە ئەمانەتەوە پرسیاری هاووڵاتییانیان گەیاندووەتە ئێمە، پەیامی ئێمەشیان دوور لە هەر تێکدان و بەلاڕێدابردنێک خستووەتەڕوو."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئامانج رەحیم دەڵێت، ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر شەقامی عێراقی و هەرێمی کوردستانیش پێویستیان بە راگەیاندن و گوتاری سەنگین و بێلایەنانە و بنکۆڵکراوە تاوەکو وێنە دروستەکە بگاتە هاووڵاتییان بە ئاراستەی برەودان بە میدیایەکی نیشتمانی و سەرچاوەی راست و دروست و بێگەردی زانیارییەکان و بەرجەستەکردنی دەسەڵات و کاریگەریی راستەقینەی میدیا وەکو دەسەڵاتی چوارەم لەپاڵ دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ