رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک وەرزی دروێنە دەستیپێکردووە، بەڵام بەشێکیان بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی عەرەبی هاوردە و فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بۆیان دروستکردوون ناتوانن دروێنە بکەن.
کێشەی ئەو زەوییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک ئامادە نییە گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان بە هەڵوشاوە ناو ببات و ساڵانە لەلایەن دادگە بەشێک لە گرێبەستەکان نوێدەکرێنەوە.
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ چارسەری ئەم پرسە لە بەغداوە سەردانی کەرکووک بکات. بەڕێوەبەری ئۆفیسی ماددەی 140 دەڵێ؛ داوایان کردووە ئەنجوومەنی وەزیران لە بری زاراوەی 'هەڵپەساردن یان تەمجید' زاراوەی 'هەڵوەشاوە یان الغاء' بەکاربێنێت بۆ ئەوەی گرفتەکە لەبنەڕەتەوە چارسەر بکرێت و ئەو کێشەیە ساڵانە لە کەرکووک دووبارە نەبێتەوە.
ئەوەی زیاتر لەپێنج ساڵە باری سەرشانی جوتیارانی کوردی قورس کردووە بڕیارەکانی دادگەو فەرمانگەی کشتوکاڵن لەسەر زەوییەکانیان.
شکار مەردان پارێزەرێکی کوردە کە ساڵانێکە سەرقاڵی ئەو دۆسیانەی زەوی و زارە، بەنوسراوێک داوای لە هادی عامری سەرۆکی لیژنەی مادەی 140 کردووە، وشەی راگرتنی گرێبەست 'تەجمید' بگۆڕێ بە 'هەڵوەشاوە' تا چیدی نەتوانرێ بڕیار لەسەر زەوی و زاری جوتیارانی کورد دەربکرێ.
لەسەر نوسراوی ئەو پارێزەرە، لیژنەی باڵای 140 نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەنجومەنی وەزیران کردووە.
شکار دەڵێت، "داوامان لە هادی عامری کرد کە ئەو وشەیە بگۆڕن لە ئەمانەی گشتی و لەرێگەی سەرۆککوەزیران و گشتاندن بکرێتە وەزارەتی کشتوکاڵ و داد و وەزارەتی دارایی کە ئەو راگرتنە بگۆڕن بە هەڵوەشاوە، وەڵامی هەبوو، لەنوسراوەکەی ئێمە نوسراوی کردووە کە جەخت لە وەزارەتی کشتوکاڵ بکاتەوە و نوسراو بۆ ئەمانەی ئەنججومەنی وەزیران بکات."
لە ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140ەوە وەڵامی هەموو ئەو نوسراوانەی فەرمانگەی کشتوکاڵ وادەدرێتەوە کە "گرێبەستی هاوردەکان هەڵوەشاوەیە."
کاکەرەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووک دەڵێ، "پێویستە گوشارێک لەسەرۆکایەتی حکومەتەوە هەبێت بۆئەوەی کار بە گرێبەستەکانی رژێمی پێشووی سەدام نەکرێت."
گرێبەستی هاوردەکان تائێستا لای فەرمانگەی کشتوکاڵ هەڵوەشاوەنین، بۆیە ماوە ماوە بە بڕیارێکی دادگە بۆیان تازە دەکەنەوە. سەبارەت بەم پرسە، بڕیارە لیژنەیەکی باڵا سەردانیان بکات و کێشەکە یەکلایی بکاتەوە.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، "لای ئێمە، لەفەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک راگرتنە، بەڵام جیا لەوانەی بڕیاری29 دەیانگرێتەوە کە لەلایەن لیژنەی کاروباری باکوور دەرکراون، پێموایە پێویستی بەپێداچونەوەیە و دەبێت پشت بە میکانیزمێکی چارەسەر ببەسترێ بۆ زەوییە کوژاوەکان. چاوەڕوانی وەزارەتی کشتوکاڵین و چاوەڕوانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی زەویوزارین کە سەردانی کەرکووک دەکات."
بڕیاری 29ی ئەنجومەنی وەزیران کە لەساڵی2012 دەرچووە بەشێکی زۆری کێشەی جوتیارانی کورد چارەسەر دەکات، بەڵام وا زیاتر لە 10 ساڵە رێگری لەجێبەجێکردنی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ