رێباز حەملان: دەستکارییەکەی لیژنەی دارایی لە بڕگەکانی بودجە، نایاساییە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''سوورین لەسەر رەتکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، وەزیری دەرەوەی عێراق وەکو نوێنەری پارتی، هەموو لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەکاتەوە و یەکێک لە بابەتەکان کە باس دەکرێت، گۆڕانکارییەکە دەبێت.
رۆژی یەکشەممە 29-05-2023، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان میوانی بوڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجە رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە پێشتر لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە و، گۆڕانکارییەکان جێگەی گەنگەشە و قبوڵکردن نین.
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراقدا کرد و، گۆڕی.
ئەو گۆڕانکارییانەی لە 25ـى ئایاری 2023 لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بێ ئامادەبوونى ئەندامانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان دەنگیان لەسەر درا، کە هەردوو ماددەى 13 و 14ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى گرتەوە. هەردوو ماددەکە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان و چەند گۆڕانکارییەکیان تێدا کرا و چەند بڕگەیەکیان بۆ زیاد کرا.
رێباز حەملان باسی لەوە کرد، حکومەتی ئێستای عێراق، بە رێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان لایەنە شیعەکان، لایەنە سوننەکان، یەکێتی و پارتی پێکهاتووە و یەکلایەن بەتەنیا، ناتوانێت لەسەر بابەتێکی گرنگی وەکو بودجە بڕیار بدات، ''گۆڕانکارییەکانیش لەگەڵ بنەمای دەستووری عێراق و رێککەوتنی سیاسی نێوان دوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا یەکتر ناگرنەوە''.
شەوی رابردوو، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق کۆبوونەوە، کە بەگوتەی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش وەکو نوێنەری پارتی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە، ''بۆ ئەوەی بتوانێت قسەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، کە ئەویش لە خەمخۆری خۆی بووە''.
وەکو رێباز حەملان دەڵێت، فوئاد حوسێن وەکو لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە داوای سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە و بەردەوام هەوڵی چارەسەری کێشەکە دەدات.
"گۆڕانکارییەکانی مادەکانی 13 و 14 هیچ جێگەی قبوڵکردن نین"
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ''لەسەر رەتکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی ماددەی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە سوورین و، هیچ جێگەی قبوڵکردن و گەنگەشە نییە''.
بەپێی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی، نابێت پەرلەمانی عێراق دەستکاری خاڵە جەوهەرییەکانی پڕۆژەیاسایەک بکات کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەنێردرێت، بەڵام وەک رێباز حەملان گوتی، ''ئێستا نەک تەنیا دەستکاری خاڵە جەوهەرییەکان کراوە، بەڵکو پێشێلکاری بڕگەی دەستووریش کراوە و دەیانەوێت پێشلکاری لە کیانی هەرێمی کوردستانیشدا بکەن''.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، یەکێک لە لایەنەکان بە ئاشکرا گوتوویەتی، ''ئێمە خۆمان رێنماییمان داوە، کە ئەو پەرلەمانتارانە ئەو گۆڕانکارییانە بکەن.''
رێباز حەملان پێیوایە ''چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە پێکهاتووە لە لایەنی شیعە، دەیەوێت ئەوە فەڕز بکات کە مەسەلەی نەوت تەنیا لای کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بێت، بەڵام ئێمە رێککەتنی پێشوەختەمان هەیە و واژۆش کراوە، کە نەوتی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و سۆمۆ بفرۆشرێت''.
دوای گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی لە پڕۆژەیاساکەدا، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی 14 هاتووە، ئەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵییە، کە دەسەڵاتی خەرجکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان دەداتە سەرۆکوەزیران، یان ئەو کەسەی لە شوێنی ئەو دەبێت.
"قبوڵکراو نییە هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەک حیسابی بۆ بکرێت، ئەوە پێشێلکاریی دەستوورە"
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە بە پێشێلکاریی دەستوور دەزانێت و دەڵێت، قبوڵکراو نییە هەژمارە بانکییەکە لەژێر چاودێریی وەزیری داراییدا بێت و هەرێمی کوردستانیش وەکو پارێزگایەک، حیسابی بۆ بکرێت.
لە بڕگەیەکی دیکەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ دادپەوەروەرانە شایستەى دارایی پارێزگاکانى دابەش بکات، بەپێچەوانەوە ئەو پارێزگایەى هەرێمى کوردستان کە ناقایلە لە پشکەکەى و تانەى لێدەگرێت، پارەکەى لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و بەشێوەیەکى راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکە.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت، ''ئەگەر پارێزگای سلێمانی راستەوخۆ ماماڵە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکات، کەواتە رۆڵی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و سەرۆکی پەرلەمان چییە؛ ئەو بابەتە بە هیچ شێوەیەک وا نییە و ئێمە نامانەوێت بۆ دواوە بگەڕێینەوە و ئێستا لە دۆخێکداین، کە لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە''.
"فواد حوسێن هەموو لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە یەکێتیشەوە لە ماڵی خۆی کۆ دەکاتەوە"
بەگوتەی رێباز حەملان، ئەمشەو فواد حوسێن هەموو لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە یەکێتیشەوە لە ماڵی خۆی کۆ دەکاتەوە و باسی کۆی پڕۆسەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکرێت و مەسەلەی بودجەش بەشێک دەبێت لە باسەکە.
دوایین بڕگە کە بۆ مادەى 14 زیاد کراوە ئەوەیە، حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت پەیوەست بێت بەوەى مانگانە 10%ـی مووچەى پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران بداتەوە، لەوبارەوە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت گوتی، بڕینی بودجە لە بەغداوە، هۆکاری پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بوو، ''کاتێک کە باسی دانەوەی پاشەکەوتی مووچە دەکرێت، پێویستە حکومەتی عێراق، بەشێکی گەورەی ئەو بابەتە لە ئەستۆ بگرێت و بیداتەوە، نیوەشی با لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان بێت.''