کەسانی نەناسراو لە سنە خانووی مامۆستایەکی ئایینی دەسووتێنن و باخەکەی دەبڕنەوە

رووداو دیجیتاڵ

کەسانی نەناسراو خانووی مامۆستا ئیبراهیم نەنەڵە، کەسایەتیی رەخنەگر لە حکومەتی ئێرانیان، سووتاند و دەیان داری باخەکەیان بڕیەوە. پۆلیسی سنە دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکات.
 
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کە مامۆستا ئیبراهیم کەریمی ناسراو بە ئیبراهیم نەنەڵە بڵاوی کردووەتەوە، کەسانێکی نەناسراو کەلوپەلی نێو ماڵەکەیان لە گوندی نەنەڵە سوتاندووە.
 
بەگوتەی مامۆستا ئیبراهیم نەنەڵە، ئەو کەسانە نزیکەی 200 داری باخەکەشیان بڕیوەتەوە.
 
ئیبراهیم نەنەڵە دەڵێ، چەند ساڵێک لەومەوبەر ئەو باخەی بە قەرز کڕیوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی بژێویی ژیانی. 
 
ئیبراهیم نەنەڵە باسی رووداوەکە دەکات و دەڵێ رۆژی 27-5-2023 سەردانی باخەکەی کردووە و هەموو شتێک ئاسایی بووە، بەڵام رۆژی دواتر چووە ئاوی باخەکەی بدات و، بینیویەتی خانووەکەی سووتێنراوە و دارەکانی بڕدراونەتەوە.
 
پۆلیسی پارێزگای سنە دەڵێت، دوای ئەوەی هەواڵەکەیان بە دەست گەیشتووە، "دەستبەجێ" دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و لە هەوڵدان "هۆکاری رووداوەکە" دەربخەن.
 
ئیبراهیم نەنەڵە دەڵێ، لەم رۆژانەدا کەسانی نەناسراو تەلەفۆنیان بۆی کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە.
 
ئیبراهیم نەنەڵە یەکێکە لە مامۆستایانی ئایینیی ناڕازی و رەخنەگری حکومەتی ئێران لە شاری سنە، کۆتایی ساڵی رابردوو پشتیوانی لە خۆپیشاندەران کرد.
 
ئەو، رۆژی 30-1-2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دواتر بە دانانی بارمتە، بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.