رووداو هەولێر
حکومەتی ئەلبانیا 13 هاووڵاتی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی و دەڵێت، هەموو ژن و منداڵە ئەلبانییەکان لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی شەممە 28ـی ئایاری 2022، وەزارەتی نێوخۆی ئەلبانیا بڵاویکردەوە، چوار ژن و نۆ منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش لە کامپێکی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نێوخۆی ئەلبانیا، ئەو گرووپە لە سووریاوە بە فڕۆکە گوێزراونەتەوە کۆسۆڤۆ؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ژمارەیەک هاووڵاتیی کۆسۆڤۆشیان لەگەڵدا بووە بەبێ ئەوەی هیچ ژمارەیەکی دیاریکراو رابگەیێنێت.
هاوکات عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە تویتێکدا رایگەیاند، 13 هاووڵاتیی ئەلبانیی رادەستی شاندێکی فەرمیی ئەو وڵاتە کراونەتەوە.
رۆژی شەممە، بڵیدی کووچی، وەزیری نێوخۆی ئەلبانیا لە فڕۆکەخانەیەکی وڵاتەکەی سوپاسی بەرپرسانی ئەمریکا و لوبنانی کرد و گوتی، بە هەوڵی ئەوان ئەم گەڕاندنەوەیە ئەنجامدراوە.
کووچی گوتی، لە ساڵی 2018ـەوە 43 ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش بە چوار قۆناخ گەڕێندراونەتەوە. گوتیشی، ئەلبانیا لیستێکی ناوی هاووڵاتییانی ئامادەکردووە و بەردەوام دەبێت لە گەڕاندنەوەی "هەموو ژن و منداڵەکان"ـی لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
ئێکسهێلا زڤێچلا، وەزیری نێوخۆی کۆسۆڤۆش هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ژمارەی هاووڵاتییانی گەڕێندراوە نەدرکاند، بەڵام گوتی کە رێکاری پێویست دەگرنەبەر بۆئەوەی تیكەڵی کۆمەڵگەیان بکەنەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2019ـەوە کۆسۆڤۆ 121 هاووڵاتی خۆی لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە گەڕاندووەتەوە.
هەر رۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایگەیاند، لە رۆژانی 25-28ـی ئایاری 2022دا، 11 هاووڵاتیی ئەزەربایجانی کە نۆ منداڵ و دوو ژن بوون، لە کامپی عەمارنالەی جەرابلووسی سوریاوە گەڕێندرانەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرەتا شوێن و ناسنامەی هاووڵاتییە ئازەربایجانییەکان دەستنیشانکراوە و پرۆسەی گەڕاندنەوەیان بەچەند قۆناخێکەوە تێپەڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان دەشڵێت، رۆژی 28ـی ئایاری 2022، شاندێکی ئازەربایجان چووەتە ئەنقەرە و هاووڵاتییەکان لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە ئەنقەرە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا رێوشوێنی گەڕاندنەوەیان بۆ ئەنجامدراوە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕێندراونەتەوە ئازەربایجان، بەڵام وەزارەتی دەرەوە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئەو شاندەوە نەداوە کە چوونەتە تورکیا.
لەدوای ئەوەی لە ساڵی 2019 دا هێزەکانی سووریای دیموکرات دوایین پێگەی داعشیان لە بەری رۆژهەڵاتی فورات کە باغۆز بوو، کۆنتڕۆڵکرد، هەزاران ژن و منداڵی داعشیان لە چەند کامپێکدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کۆکردەوە کە دیارترینیان کامپی هۆل و کامپی رۆژن.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، 56 هەزار و 154 ئاوارە و پەنابەر لە کەمپی هۆل دەژین کە زیاتر لە نیوەیان تەمەنیان لەژێر 18 ساڵیدایە.
هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، 29 هەزار و 142 کەس لەوان هاووڵاتیی عێراقین و 18 هەزار و 903 هاووڵاتی سووریان و هەشت هەزار و 109 کەسیش خەڵکی وڵاتانی دیکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ