ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک: تورکیا چەند ساڵێکە داری هەرێمی کوردستان دەبڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت کە تورکیا چەند ساڵێکە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا رێککەوتووە بۆ ئەوەی دارستانەکانی ناوچەی شەڕ ببڕنەوە، بەو بیانووەی بوونەتە پەناگەی گەریلاکانی پەکەکە.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "چەند ساڵێکە لە سنووری دەرکار، سندی و گولیا دیاردەی داربڕین هەیە. بیانووی هێزی تورکیا ئەوەیە کە ئەم دارانە و ئەم دارستانانە لە بەردەمیاندا رێگرن و لەسەریان هەڕەشەن. لەگەڵ هەندێک کۆمپانیادا رێککەوتنیان کردووە و بە نوێترین ئامڕاز دەستیان بە بڕینەوەی ئەو دارستانانە کردووە. بێگومان ئەوانەیش کۆمپانیا و بازرگانی تورکیان. دیارە چەکدارانی هێزی تورکیا هاوبەشییان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا هەیە. بیانووەکەیشیان ئەوەیە ئەو دارستانانە دەبنە پەناگە بۆ گەریلاکانی پەکەکە. تورکیا وەک سیاسەتێکی سووتاندنی ئەو زەوییانە و بۆ سوودێکی بازرگانی ئەو کارە دەکات."
رۆژی 27ی ئایاری 2021 تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی بڵاوکردەوە و تێیدا رێڤنگ هروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "لەو شوێنانەی کە تورکیا سەربازی خۆی جێگیر دەکات دارەکان دەبڕن و سرووشتی گوندەکان لەنێو دەبەن."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوە دا، ساڵی رابردوو زیانی زۆر بەر دارستانەکانی دەڤەری دەرکار کەوتن، ئەمساڵیش لە دەڤەری بەرواری باڵاوە بۆ کێستە و ئوورە لە بەر مەترسیی ئەوەدان کە دارەکانیان ببڕدرێتەوە. پار ئەم دیاردەی داربڕینەوەیە لە رێگەی پارێزگای دهۆکەوە بە ئاشکرا بە تورکیا گەیەنرا، دەستبەجێ کاری خۆیان راگرت، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی هێشتا ئۆپەراسیۆن بەردەوامە، رەنگە زۆر بە فراوانی ئەو کارە بکرێت.
رۆژی 2021/05/28 ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، "تورکیا سەرەڕای هێرشی داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان، دەستی کردووە بە سووتاندنی دارستانەکان و خەریکی داربڕینە، بە تایبەتی لەم دواییانەدا لە مەتین، زاپ، ئاڤاشین و ناوچەکانی دیکە" و هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "تورکیا دژی گەلی کورد تاوان ئەنجام دەدات و بە تاڵانکردنی سرووشتی کوردستانیش تاوانی گەورە دەکات."
بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای تورکیا، تاوەکو ئێستا ئاگر لە دەوروبەری چەند گوندێکی کێستە کەوتووەتەوە.
هەفتەی رابردوو تورکیا سەر رێگەی سەرەکیی گوندی هروور و دەوروبەری گوندەکانی کێستە و چەلکێ کریستیانانی بە چڕی تۆپباران و بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا ئاگر لە دەوروبەری چوار گوند کەوتووەتەوە و بۆریی ئاوی گوندی بازیڤێش شکا.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک گوتی: "هەر بۆردوومانێک یان گوللـەتۆپێک بەسە بۆ ئەوەی زیانێکی زۆر بەر دارستان و رەز و پاوانی گوندەکان بگەیەنێت و هەمووی بە یەکجاری بسووتێنێت. بەهۆی ئەو بۆردوومانەنەوە وای لێهاتووە کە سرووشتی ناوچەکە و هەرشتێک ناوی ژیان بێت لەژێر مەترسیی لەناوچووندا بێت. ساڵانە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە بە هەزاران زەویوزار و دارستان و باخ دەستووتێن. ئەوەیش زیانێکی زۆری لە جووتیارەکانمان داوە."
لە 23ـی نیسانی 2021ـەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەورە برووسکە"دا بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە بەرزاییەکانی سنووری ئامێدی دەست پێکردووە.