بارزانی بۆ باڵیۆزی فەرەنسا: سەردانەکەی سەرۆک ئۆلاند بۆ کوردستان لەبیرناکەین

رووداو - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی فەرەنسا بۆ کوردستان دەکات و دەڵێت، سەردانەکەی فرانسوا ئۆلاند "لە کاتی تەنگانەدا" بۆ کوردستان لەبیرناکەن. باڵیۆزی فەرەنساش لە عێراق لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕی دژی تیرۆر و هەماهەنگی و هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

رۆژی دووشەممە 29-5-2017  مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان  لە سەلاحەدین پێشوازی لە مارك بارێتی، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و دۆمینیك ماس، كونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر كرد.

سەردانەکەی باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق بە مەبەستی ماڵئاوایی بوو لە بارزانی، ئەوەش دوای كۆتایهاتنی ئەركەكەی لە عێراق و سوپاسی حكومەتی هەرێمی کوردستانی كردووە كە "پشتیوانی ئەرك و كارەكانی بوونە".

  باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی بارزانی کرد


لەبارەی سیاسەتی فەرەنسا لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێ، مارك بارێتی جەختی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە و راسیگەیاند "فەرەنسا لە شەڕی دژی تیرۆر و هەماهەنگی و هاوكارییە سەربازییەكانیشی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت".

لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، باڵیۆزی فەرەنسا جەختیكردووەتەوە، وڵاتەكەی رێز لە دیالۆگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەنجامی ئەو دیالۆگانە دەگرێت.
  "لە شەڕی دژی تیرۆر و هەماهەنگی و هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین"

لای خۆیەوە بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی فەرەنسا لە ئەرك و كارەكانیدا خواست و ڕایگەیاند "گەلی كوردستان سەردانی سەرۆك ئۆلاند لە سێپتەمبەری 2014 هەرگیز لەبیر ناكات، كە لە كاتی تەنگانە و لە وەختی پەلاماری داعش بۆ سەر كوردستان ئەنجامیدا" و ئەو سەردانەی بە كاریگەر و مێژوویی وەسفكرد.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 دا دوای هێرشی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، فرانسوا ئۆلاند وەک یەکەمین سەرۆککۆماری وڵاتان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە. 

بۆ دووەمجاریش رۆژی دووشەممە 2-1-2017  فرانسوا ئۆلاند بە یاوەری شاندێكی حكومەتی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێكرا. 



داڕشتنەوە: حەکیم داود