رێگەوبانی سلێمانی: رێگەمان هەیە بە کەڵکی نۆژەنکردنەوەش نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبانی سلێمانی رایدەگەینێت، زۆرینەی پرۆژەی رێگە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبوونی نەختینەوە کێشەیان بۆ دروستبووە. دەشڵیت، رێگەی وا هەیە بە کەڵکی نۆژەنکردنەوەش نەماوە.
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشیدەکات، باسی لە دۆخی رێگەوبانی پارێزگای سلێمانی کرد.
بەڕێوەبەرەکە رایگەیاند: "بەشێکی زۆری پرۆژەکانی کەرتی رێگەوبان و بەتایبەت رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکان بەهۆی قەیرانەوە راگیراون، هۆکارەکەشی نەبوونی نەختینە و خەرجنەکردنی پارەیە، ئەگینا هیچ کێشەیەکی هونەریمان نییە."
قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە کێشەی بۆ بەشی زۆری پرۆژەکانی کەرتی رێگەوبان لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، ئێمە پێش قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، 25 ملیار دینار بودجەی ساڵانەمان هەبوو بۆ چاککردنەوەی رێگەوبانەکان، بەڵام ئێستا ساڵێک لەباشترین دۆخدا ناگاتە دوو ملیار و نیو دینار، لەکاتێکدا دۆخی شەقامەکان خراپتر بوون.
محەممەد جەلیل گوتیشی، بەهۆی نەبوونی نەختینەوە زۆرینەی پرۆژەی رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان راگیراون و یان زۆر بە سستی و پچڕپچڕ کاریان تێدا دەکرێت و بەشێک لەو رێگەیانەی هاتووچۆی پێدا دەکرێت، رێژەیەکی کەمیان ماوە و دۆسییەکانیان دانەخراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی بەمجۆرە باسی لەو رێگەوبانانە کرد کە لەژێر نۆژەنکردنەوەدان:
قۆناخی یەکەم؛ چوارقوڕنە-هیزۆپ، 98٪ی تەواو کراوە و هێشتا رادەست نەکراوەتەوە.
قۆناخی دووەم؛ لە پردی هیزۆپ-خەلەکان، 50٪ی تەواو بووە و دوو ساڵە راگیراوە و پێویستی بە 29 ملیار دینارە بۆ تەواوکردنی.
قۆناخی سییەم؛ دەمانەوێت لەرێگەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێی بکەین.
رێگەی وارماوا-دەربەندیخان؛ نزیکەی 75٪ی جێبەجێکراوە و کارکردن تێیدا راگیراوە.
رێگەی دەربەندیخان-ناوتاق، 20٪ی پرۆژەکە جێبەجێکراوە، بەهۆی نەبوونی نەختینە راگیراوە.
رێگەی سەیدسادق- هەڵەبجە؛ نزیکەی 99٪ی تەواوکراوە و هێڵکاری ماوە.
ریگەی باشماخ-پێنجوێن؛ کاری تێدا دەکرێت و زیاتر لە 80٪ی تەواو کراوە.
یەکێک لەو سەرچاوانەی داهات بەڕێوەبەرایەتییەکانی رێگەوبان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پشتی پێدەبەست بۆ چاککردنەوەی رێگەوبانەکان، داهاتی وێستەگەکانی کێشکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە.
محەممەد جەلیل دەڵێت، داهاتی یەک مانگ وێستگەکان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین بەگشتی نزیکەی 450 ملیۆن دینارە؛ "ئێستا 50٪ی ئەو داهاتە بۆ ئێمە جەرج دەکرێت و لەو پارەیە کە نزیکەی 200 بۆ 225 ملیۆن دینارە بۆ سنوورێکی فراوانە؛ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینە ناتوانێت ئەو هەموو کێشەیەی پێ چارەسەر بکرێت."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، لەکۆی شەش هەزار کیلۆمەتر رێگەی سەرەکی لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی پێنج هەزار و 500 کیلۆمەتری پێویستی بە چاککردنەوەیە.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانیش دەڵێت: "دۆخی ئێمەش بەهەمان شێوەیە و زۆرینەی رێگە سەرەکییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی تێکچوون و خراپ بوون، رێگەمان هەیە تەنانەت بەکەڵکی نۆژەنکردنەوەش نەماوە، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیکەن بەو توانا سنووردار و کەمەی لەبەردەستمانە، بۆ ئەوەیە ئەو گرفتانەی لە رێگەکان درووست دەبن چارەسەری کاتی بکەین."