وەرزی دروێنەی گەنم لە هەرێمی کوردستان پێشوەختە لە گەرمیان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان لە رۆژی چوارشەممەوە وەرزی دروێنەی گەنم دەستپێدەکات، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی چاوەڕوان دەکرێت روو لە ناوچەکە بکات، هۆکارە بۆ پێشخستنی وادەی دروێنە لە هەندێک شوێن.
رۆژی دووشەممە 29-04-2024 هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، گەنم درەنگ پێدەگات، بەڵام جووتیار هەیە زوو چاندوویەتی، بۆیە لە چوارشەممەوە (1ـی ئایار) لە ناوچە گەرمەسێرەکانەوە دەست بە دروێنە دەکرێت و بەگوێرەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، پێشبینی دروستبوونی لافاویش دەکرێت. هیوا عەلی دەڵێت، جووتیارانیان لەوبارەوە ئاگادارکردووەتەوە کە هەر کەسێک گەنمی پێگەیشتووە، دروێنە بکات.
لە گەرمیان لەمڕۆوە دەست بە دروێنە کراوە
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان دەڵێ چەند جووتیارێک بەهۆی مەترسیی دروستبوونی لافاو و ئەو بارانبارینەی پێشبینی دەکرێت، دەستیان بە دروێنەی گەنمەکانیان کردووە.
بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی وەزیری کشتوکاڵ دوو رۆژە لە بەغدایە.
هیوا عەلی دەڵێت، بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە وەزیری کشتوکاڵ لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسان کۆببێتەوە بەمەبەستی دیاریکردنی ئەو بڕە گەنمەی ئەمساڵ لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنم زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بێت.
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرت، کە 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەمساڵ چەند وەردەگرن.