ئایدن مەعرووف: نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا هەوڵی گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتاکان دەدات

29-04-2024
هیدایەت جان
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ستایشی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گەرەنتیکردنی مافی پێکهاتەکان دەکات و دەڵیت: "ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی سیستمی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێتەوە و پێکهاتەکان بتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن".
 
رۆژی دووشەممە 29ـی نیسانی 2024، ئایدن مەعرووف، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: "دۆخی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆرباشدایە و ئەمڕۆش سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانمان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ پێکهاتەی کلدان، سریان و ئاشوور قسە بکەین و گرفت و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین".
 
لە 21ـی شوباتی 2023 دادگەی باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێک کورسی کۆتای لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی: "سیستمی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا رێکخراوە و هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی دژی دەستووری عێراق و دژی بەیەکەوەژیانی نەتەوەکان بوو".
 
ئایدن مەعرووف باسی لەوە کرد  کۆمەڵێک هەوڵ خراونەتە گەر، بەتایبەت "لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی دووبارە سیستمی کۆتا بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەری پێکهاتەکانیش بتوانن بەشداربن لە پرۆسەی هەڵبژاردن".
 
ئایدن مەعرووف گەشبینە بەو هەوڵانە و گوتی: "ئەو شاندانەی ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردووە، گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و بەم نزیکانە سیستمی کۆتا دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بتوانن بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن".
 
 
ئایدن مەعرووف گوتی: "کاک مەسعوود بارزانی رۆڵێکی زۆر گرنگی لەم بابەتەدا هەبووە و پشتیوانییەکی زۆر گەورە بووە بۆ هێنانەدی ماف و داواکاریی پێکهاتەکان و لە ماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان کردووە بۆ پاڵپشتیکردن لە مافەکانیان، هەفتەی رابردووش جەختی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردن بەبێ پێکهاتەکان ناکرێت کە ئەوەش پاڵپشتییەکی زۆر گەورەیە بۆ نەتەوە و ئاینەکان لە هەرێمی کوردستان".
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێیوانییە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت: "لەبەر ئەوەی حزبێکی سەرەکیی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تێبینی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە".
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە 27ـی نیسان سەردانی بەغدای کرد و کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."