رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەک دەکات، کە لە دژی داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، تۆمارکراوە.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی، بڕیاری رۆژی سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024، دادگە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کۆببێتەوە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی رافد ناسر عەبدولکەریم لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پەروەردە تۆمارکراوە.
سکاڵاکار داوای لە دادگەکە کردووە بڕیاری ژمارە 24043ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بە دیاریکردنی رۆژی 30ـی تەمموزی 2024 بە دوا کات بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و نووسراوی 4920ـی وەزارەتی پەروەردە کە لە 13ـی شوباتی ئەمساڵ دەرچووە بۆ داخستنی سەرجەم نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، هەڵبوەشێنێتەوە.
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە 23 کەمپى هەرێمى کوردستاندا دەژین.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 145 هەزار قوتابی لەو قوتابخانانە دەخوێنن کە لەلایەن نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێن و تایبەتن بە ئاوارەکان.کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بە رووداوی گوت:"بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان کۆتاییە، چونکە بڕیاری ئێمە نییە، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە، بۆیە جێبەجێدەکرێت و لە دوای 30ـی تەمموزەوە نوێنەرایەتییەکانمان نامێنن."
بەپێی زانیارییەکان نزیکەی 65 هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی ئاوارەکان لە هەولێر، 30 هەزار لە سلێمانی و 50 هەزاریش لە دهۆک دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ