رووداو دیجیتاڵ
سبەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لە دژی ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق لە ساڵی رابردوو کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی، بڕیارە رۆژی سێشەممە 30ـی نیسانی 2024، دادگەی باڵای فیدڕاڵی بۆ تاوتوێکردنی پێنج سکاڵا کۆببێتەوە، دوو لە سکاڵاکان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن مستەفا سەند، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە لە دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە.
پەرلەمانتارەکە داوایکردووە دادگەکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە ناردنی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2023 بە سێ بەش (هەر جارە و 700 ملیار دینار) بە نادەستووری بناسێنێت.
عارف حەمامی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بە دووری دەزانێت دادگەکە لە بەرژەوەندیی سکاڵاکار بڕیار بدات و بە رووداوی گوت، "ئەو پارەیە بە قەرز بوو، ئێستا دانوستاندنەکان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵی بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم کێشەکان بەتایبەت داراییەکان هەنگاوی باش چووەتە پێشەوە."
3ـی ئەیلوولى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى ژمارە (23500)ـی دەرکرد بۆ ئەوەی بانکى رەشید و رافیدەین مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بنێرن و دواتر لە پشکى هەرێمى کوردستان پاکتاودەکرێت لە دواى پابەندبوونى بە بڕگەکانى یاساى بودجەوە.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشی زۆری تەرخاندەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ