رووداو دیجیتاڵ
شەقامە نێوخۆییەکان و بەشێک لە چێشتخانەکانی شەقڵاوە نۆژەندەکرێنەوە، کەپر و شوێنی تازەی گەشتیاریش بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دروست دەکرێن.
لە شەقڵاوە 32 چێشتخانە و کافتریان هەن، ئەحمەد ئەکرەم، سەرپەرشتیاری یەکێک لەو چێشتخانانەیە و 30 ساڵ ئەزموونی لە پێشوازیکردنی گەشتیاران هەیە. بۆ ئەمساڵ ژمارەی مێز و کارەمەندەکانیان دووهێندەی ساڵانی رابردوو زیادکردووە.
ئەحمەد بە رووداوی گوت "ئێمە، نزیکەی دوو مانگە خۆمان بۆ هاتنی گەشتیاری هاوینە ئامادەکردووە، ژمارەی مێزەکان و کارمەندەکانمان زیاد کردووە لەچاو ساڵانی رابردوو، هیوادارین ئەمساڵ بازاڕمان باشتر بێت لە ساڵانی رابردوو."
لە شەقلاوە 51 هۆتێل، مۆتێل و هەوارگەی گەشتیاری لە شەوێکدا توانای لە خۆگرتنی نزیکە 10 هەزار گەشتیاریان هەیە. نزیکەی دوو مانگە هەموو ئامادەکارییەکانیان تەواوکردوون بۆ هاتنی گەشتیاری هاوینە.
خەلیل خاوەنی هەوارگە و مۆتێلە، باسی ئەوە دەکات ئەمساڵ باشتر لە ساڵانی رابردوو خۆی ئامادەکردووە، بەڵام زۆریی نرخی کرێی کارەبای نیشتمانی، بارگرانی بۆ دروستکردوون.
خەلیل خورشید گوتی "کێشەی سەرەکیی ئێمە گرانیی نرخی کارەبای نیشتمانییە، کارەباکە بەشێوەی بازرگانی بۆمان حساب دەکرێت، ئەمەش بارگرانیی لەسەر شانی ئێمە دروستکردووە."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری شەقڵاوە، لە چوار مانگی ئەمساڵدا نزیکەی 32 هەزار گەشتیار سەردانی شەقڵاوەیان کردووە.
تەکلیف خەڵکی پارێزگای کوتە، فێنکی و جوانیی سرووشتی شەقڵاوە بەجۆرێک هۆگری کردووە، کە مانگی دوو جار بە خێزانی سەردانی دەکات.
تەکلیف زێن عابدین گوتی "شەقڵاوە خۆشە، زۆر خۆشە؛ شوێنەکەی، بازاڕەکەی، شەقامەکانی. لە بازاڕەکەی چەرەز و شیرینی دەکڕم، هەندێک کات هەنگوینیش، هەموو ئەوانەی لێرە دەفرۆشرێن ئەسڵین، دواتر دەگەڕێمەوە هەولێر، لە هەولێر دەمێنمەوە و دواتر دووەم رۆژ لەوانەیە دووبارە بچمە شوێنێکی دیکەی گەشتیاری و دەگەڕێمەوە، بەڵام هەر دەبێت شەقڵاوە ببینم."
ساڵی 2007، 13 هەزار و 74 گەشتیار سەردانی شەقڵاوەیان کردووە، بەڵام 2023 ژمارەکە گەیشتووەتە 172 هەزار و 547 هەزار گەشتیار، بەمەش بەراود بە 17 ساڵ پێش ئێستا، ژمارەکە نزیکەی چواردە هێندە زیادیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ