رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێک و بارهەڵگرێک لەسەر رێگەی قەزای کەلار و مەرزی پەروێزخان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، رۆژی دووشەممە 29-04-2024 بە رووداوی گوت: "کاژێر نزیک 04:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان ئاڵتیما و بارهەڵگرێک لە جۆری مان، سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلە بچووکەکە گیانیان لەدەستدا و شوفێری بارهەڵگرەکەش بریندار بوو."
رووداوەکە لە نزیک ناحیەی قۆرەتوو روویداوە. تەرمەکان گەیێندراونەتە دادپزیشکیی کەلار. گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، رووداوەکە تازەیە و هێشتا ناسنامەی قوربانییەکان نەزانراوە.
هاتووچۆی گەرمیان تیمێکی ناردووەتە شوێنی رووداوەکە بۆ ئەوەی لە هۆکار و چۆنێتی رووداوەکە بکۆڵێتەوە.
لەم رووداوە هاتووچۆیەدا لە رێگەی کەلار-مەرزی پەروێزخان سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەیش بریندارە.
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 29, 2024
هاتووچۆی گەرمیان وێنەکانی بڵاوکردوونەتەوە و دەڵێت: ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە سەرنشینی ئاڵتیماکە بوون. pic.twitter.com/koLP1od472
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ