رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوی تەقەکردن شەقامی 60 مەتریی هەولێر روویدا، لەوبارەیەوە ئاسایش دەڵێت، شەش تۆمەتبار دەستگیرکراون.
لە نزیک کاژێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 29-04-2023 لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر رووداوێکی تەقەکردن لە نێوان دوو بنەماڵە روویدا.
لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێزە هاوبەشەکانی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە شەش کەس لە تۆمەتبارانی رووداوەکە دەستگیرکراون و دەدرێنە دادگە بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، ئەو دوو خێزانەی تەقەیان کردووە پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە.
لەمیا رەسوول، پەیامنێری رووداو لە هەولێر گوتی، رووداوەکە لە نێوان سێ کەس روویداوە کە هەموویان چەکیان پێبووە و تەقەیان لەیەکتر کردووە، بەهۆیەوە برینداریش هەیە.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە لەکاتی رووداوەکە لە شەقامی 60 مەتری بووە بە پەیامنێری رووداوی گوت، بەگوێرەی ئەوەی بینیویانە بەهۆی رووداوەکەوە دوو بریندار هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ