پۆلیسی گەرمیان لەسەر فڕێدانی منداڵێکی ساوا سێ کەس دەستگیر دەکات؛ 'یەکێکیان دایکیەتی'


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، سێ کەسیان بە تۆمەتی فڕێدانی منداڵێکی ساوا لە نزیک مزگەوتێکدا لە کەلار دەستگیرکردووە کە یەکێکیان دایکی منداڵەکەیە. گوتەبێژی پۆلیس گوتی، منداڵەکە "ناشەرعییە و ئەوەشی دەستگیرکراوە باوکی نییە".

رۆژی 24ـی ئەم مانگە منداڵێکی ساوا لە کەلار دۆزرایەوە. ئەمڕۆ شەممە، 29ـی نیسانی 2023، پۆلیسی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تۆمەتبارانی فڕێدانی ئەو منداڵەیان دەستگیرکردووە کە لەنزیک مزگەوتی تەقوای قەزای کەلار دۆزرابووەوە.
 
عەقید عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تۆمەتبارەکان سێ کەسن و یەکێکیان دایکی منداڵەکەیە. گوتیشی: "باوکی منداڵەکە لەنێو دەستگیرکراوەکاندا نییە و منداڵەکە ناشەرعی لەدایکبووە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "بە سوودبینین لە کامێراکانی چاودێری، توانیومانە سێ تۆمەتبار دەستگیربکەین کە خزمی باوکی منداڵەکەن".
 
راشگەیێندراوە، دایکی منداڵەکه لەدایکبووی 1988ـە و دانیشتووی قەزای کەلارە و "دانی بەوەدا ناوە کە منداڵی ئەوە و دوای لەدایکبوونی بە هاوکاری دوو تۆمەتباری دیکە کە پیاوێک و ئافرەتێکن و خزمی باوکی منداڵەکەن، منداڵەکەیان لە نزیک مزگەوتەکە جێهێشتووە".
 
تۆمەتباران بەندکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارێکی دیکە دەرکردووە.