نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح جەخت لە لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کرد، هەردوولا جەختیان لە "پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە".
 
لە کۆبوونەوە نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵحدا، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکران، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چۆنیەتیی زەمینەخۆشکردن لەبەردەم پرۆسەکەدا کە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەل و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکات."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق داکۆکیان لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کردووە. هاوکات "بەگرنگییەوە" باس لە دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە عێراقییەکان کرا.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێنانەدیی یەکڕیزیی نیشتمانی و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان کراوە، ئەوەش بە ئاراستەی "تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و پێشهاتەکان."
 
راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە دەڵێت، تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، "تێیدا جەخت لەوە کرایەوە کە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە ناکات."