پەرلەمانتارێکی نەسر: عادل عەبدولمەهدی بۆی نییە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ببڕێت

29-04-2020
گۆڤەند مستەفا
د.جەبار شەممەری، ئەندامی هاوپەیمانی نەسر،
د.جەبار شەممەری، ئەندامی هاوپەیمانی نەسر،
نیشانەکردن هەرێمی كوردستان عێڕاق
A+ A-
رووداو - هەولێر
 
ئەندامێکی هاوپەیمانی نەسر پێیوایە بڕینی قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدییەوە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و بە پێویستی دەزانێت سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بەخۆیدا بچێتەوە و کێشە دروست نەکات.
 
د.جەبار شەممەری، ئەندامی هاوپەیمانی نەسر، بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی پرسی تێکەڵکردنی بودجە و مووچەی خەڵک بە بابەتە سیاسییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا رایگەیاند: "زۆر بەداخەوە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە مامەڵەیەکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە جێگەی قبووڵکردن نییە، چونکە ئەم کارە سەرپێچی یاسا و دەستوورە و مافی حکومەتی فیدراڵ نییە قووت و مووچەی فەرمانبەران ببڕێت".
 
جەبار شەممەری بە پێویستی دەزانێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ "لەسەر یەک مێزی دابنیشن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، چونکە ناکرێت ئەم ناکۆکیانەی نێوانیان رەنگدانەوەی لەسەر قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبێت".
 
جەبار شەممەری بە دووری دەزانێت پرسی بڕینی بودجە پەیوەندی بە پێکهێناننی حکومەتی نوێی عێراقەوە هەبێت و دەڵیت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت رێککەوتووە، بۆیە بەڕێز کازمی پەیوەندی بە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ئەمە حکومەتەکەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، بە بڕوای من بەڕێز عادل عەبدولمەهەدی وەک چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانە ئابوورییەی رووی لە عێراق کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە دەرئەنجامی ئەو قەیرانە دروستبووە، پارەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە بۆ ئەوەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە".
 
ئەندامەکەی هاوپەیمانی نەسر ئەو هەنگاوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بە چارەسەر نازانێت و بەڵکو بە دروستکردنی کێشە دەزانێت و گوتی: "من پێموایە ئەمە چارەسەر نییە، بەڵکو ئەمە کێشە دەنێتەوە. بۆیە لەسەر عادل عەبدولمەهدی پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە بەرامبەر ئەو کێشەیە، ئەو بۆی نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت، چونکە چەندان خێزان لەسەر ئەو مووچەیە دەژین و سەرچاوەی بژێویانە".
 
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 حکومەتی عێراق پابەندە بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات. بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی رادەست نەکرد، بۆیە حکومەتی عێراق مانگانە تەنیا 453 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
 
بەڵام ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران ناردنی ئەو  453 ملیار دیناری وەکو بەشێک لە بودجەی هەرێمی کوردستان راگرتووە، کە دەکاتە نیوەی پارەی مووچەخۆران، ئەو بڕیارە هەفتەی رابردوو شاندی هەرێمی کوردستانی بردە بەغدا، دوای هەفتەیەک شاندەکە لەسەر بودجەی مانگی چوار چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنیی ئەو نووسراوەن کە بۆ عادل عەبدولمەهدییان ناردووە.
 
دوێنێش شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا گەیشتە بەغدا. شاندەکە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستی بە کۆبوونەوەکانی کردووە. سەرەتا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا کۆبوونەوە، پاشان لەگەڵ سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا،  کە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە،  قسە لەسەر میکانزمی رادەستکردنی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە دەکرێت کە بڕیارە رۆژانە هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدای بکات، لە بەرامبەردا شاندی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو گەرەنتیە وەربگرێت بۆ ئەوەی عێراق بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە