هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە 3 پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتاییهات

رووداو- هەولێر

پرۆسەی دەنگدان بۆ قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە کۆتاییهات و لە ورمێ بۆ کاژێرێکی دیکەیش و تاوەکو کاژێر 23:00 بەکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان و 21:30 خولەک بەکاتی هەولێر درێژکرایەوە.


لە دوو بازنەی پارێزگای ئیلام قۆناخی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو بۆ دیاریکردنی سێ نوێنەری ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی ئێران.

 لە شاری ئیلام زیاتر لە 170 هەزار کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە و لە دێهلۆرانیش ژمارەی دەنگدەران زیاتر لە 90 هەزار کەس بووە.

یوسف شاه حوسێنی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاریزگای کرماشان رایگەیاند: "لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری کرماشان زیاتر لە 130 هەزار کەس بەشدارییان کردووە و لە سۆنقوڕ و کولیایی زیاتر لە 28 هەزار کەس دەنگیان داوە و ژماردنی دەنگەکان دەستیپێکردووە".

عەلیرەزا ئاشناگەر، بەرپرسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند: "هەڵبژاردن لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران کە یەک بازنەیە تەواو بووە و هەروەها لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا کە ئەوانیش یەک بازنەن کۆتایی هاتووە".

لە قۆناخی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران مەهدی فەرشادان توانی زۆرینەی دەنگەکانی سنە، کامیاران و دیواندەرە بەدەستبهێنێت و بڕواتە پەرلەمان، بەڵام سالار مورادی و ئەحسەن عەلەوی بەهۆی نزیکی دەنگەکانیان و نەگەیشتن بە نیسابی یاسایی گەیشتنە قۆناخی دووەم و رۆژی هەینی 29-4-2016 هەڵبژاردن لەنێوان ئەو دوو کەسە بەڕێوەچوو بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی دیکە بۆ ئەو بازنەیە".

لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا هیچ یەک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا و هەڵبژاردن لە قۆناخی دووەم لەنێوان مەنسوور مورادی و ئومید کەریمیان بەرێوەچوو بۆ بەدەستهێنای کورسییەکی پەرلەمانی ئێران بۆ ئەو بازنەیە.

هەڵبژاردن لە 43 بازنەی هەڵبژاردنی ئێران و 12 بازنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت. لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان کە 26ی شوباتی رابردوو بەڕێوەچوو، لەکۆی 290 پەرلەمانتار چارەنووسی 222 کورسی یەکلایی بووەوە و ئەمڕۆش چارەنووسی 68 کورسی دیاری دەکرێت.

بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە تاوەکوو کاژێر 6 بەکاتی رۆژهەڵاتی کوردستان (4:30 بەکاتی هەولێر) تەواو بێت بەڵام تاوەکوو ئێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە سێ راگەیێندراودا، بۆ 5 کاژێر هەڵبژاردنی درێژ کردووەتەوە و لە دوایین راگەیێندراودا هەڵبژاردن لە ورمێ درێژکرایەوە.