7 هاونیشتمانی لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

29-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

7 هاونیشتمانیی دیکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە. ئەوان بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا چووبوونە ئەو وڵاتەی ئەفریقا. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئادار، ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاروباری گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی 7 هاووڵاتیی دیکەمان لە لیبیاوە تەواوکردووە کە دەیانویست بە رێگەی نایاسایی بچنە ئەورووپا."
 
ئەحمەد سەحاف گوتیشی: "گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانە بە هاوئاهەنگیی حکومەتی لیبیا و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بووە."
 
لەبارەی هەمان بابەت، موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەو 7 کەسە خەڵکی کوردستانن و ماوەیەک بوو لە لیبیا لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەرکرابوون؛ دووان لەوانە لە پارێزگای تەرابلوس و پێنجەکەی دیکەش لە بیئر غەنم بوون."
 
موسەننا ئەمین گوتیشی: "ئەو 7 هاونیشتمانییە دوێنێ لە تەرابلوسەوە بەرەو ئوردن بەڕێکەوتوون، ئەمڕۆ دەگەنە بەغدا و لەوێوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان."
 
ئەو 7 هاونیشتمانییە دانیشتووی سنووری پارێزگای سلێمانین.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 20 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە.
 
رۆژی 20ـی ئەم مانگە، پێنج هاونیشتمانیی دیکە لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان. موسەننا ئەمین گوتی، "سێ کەسیان لەلایەن گرووپێکی میلیشیاوە دەستگیرکرابوون."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد: "دوێنێ هەینیش هاونیشتمانییەک لە تونس کە بە هەندێک بەڵگەنامەی ساختەوە دەستگیرکرابوو، ئازادکرا و لەم رۆژانەدا دەگاتەوە هەرێمی کوردستان."
 
بە گوتەی موسەننا ئەمین، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆزخانەکان، هەر لەم مانگەدا هاونیشتمانییەک لە لوبنان، خێزانێکی چوار کەسی لە مالیزیا و هاونیشتمانییەک لە ئەفغانستان گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان.
 
موسەننا ئەمین باس لەوەش دەکات، "بەدرێژایی چەندین مانگە لە هەوڵی بەردەوامم بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو هاونیشتمانییانەی لە وڵاتانی دەرەوەدا گیریانخواردووە و ئەمانەش بەشێکن لەو هەوڵانەی داومن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی دوێنێ شەوی مەزڵووم عەبدی و ئەنەکەسە.

مەزڵووم عەبدی رۆژی کۆنفرانسیی نەتەوەیی دیاریکرد و ئەنەکەسەش پێشوازی لێدەکات

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد" بەڕێوەدەبەن. ئەنەکەسەش دەڵێت، کۆنفرانسەکە بە پشتگیریی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی بەڕێوەدەچێت.